دیدارێک بۆ پرسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە گوڵەخانە بەڕێوەدەچێت
رووداو دیجیتاڵ
پارتی سۆسیالیست لە گوڵەخانە دیدارێکی تایبەت بە پرسی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەناوی (ستراتیژ و گوتاری نەتەوەیی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم) بەڕێوەدەبات.
سەرۆکی پارتەکە دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی لە دیدارەکەدا پانێڵیان دەبێت، خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن.
ئەمڕۆ شەممە، 24-08-202، لە هۆڵی ئاشتیی گوڵەخانەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە دیدارێک بەڕێوەدەچێت کە ئامانج لێی خستنەڕووی پرسی کوردە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی گرفتەکان.
بڕیارە لە دیدارەکەدا ژمارەیەک پانێڵ بەڕێوەبچن. د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەو بارەیەوە قسەی بۆ سازگار سەڵاح، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، ''پانێڵەکان دابەش دەبن بەسەر پانێڵی یاسایی، سیاسی، کارگێڕی و بابەتی پێکەوەژیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.''
هاوکات محەممەدی حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەراوێزی دیدارەکەدا بە رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک میوانی گرنگ، کەسایەتی سیاسی و حیزبی بانگهێشتی دیدارەکە کراون و زۆربەی ئەوانەی پانێڵەکان بەڕێوەدەبەن، خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان".