هاکان فیدان: ئامادەی هەموو جۆرە پشتیوانییەکین بۆ بەردەوامبوونی ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەولێر هەیە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، "لەبارەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەمنییەت و ئاسایشی ناوچەکە و ئابووری گفتوگۆمان کردووە." وەزیری دەرەوەی تورکیاش گوتی، "پشتیوانی لە بەردەوامبوونی سەقامگیری هەولێر دەکەین."
 
دەوروبەری کاژێر 11:40ـی پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 24-08-2023 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ناوەڕۆکی گفتوگۆکانیان بۆ میدیاکان خستەڕوو. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "هاتنی بەڕێزیان و شاندی یاوەریان ئاماژەیە بۆ گرنگیی پەیوەندی نێوانمان و هیوادارم لەو دیدارەی کە کردوومانە هەموو لایەکمان بتوانین سوودی باشی لێ ببینین."
 
 
لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەسرور بارزانی گوتی "گفتوگۆمان لەبارەی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی ناوچە کرد، لەوانە پەیوەندی دوو قۆڵیی نێوان تورکیا و عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەروەها چۆنیێتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە بەگوێرەی ئەو مافە دەستوورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی، بتوانین لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەجۆرێک چارەسەری بکەین، کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدا بێت."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی بابەتی ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە گفتوگۆیان کردووە، مەسرور بارزانی دەڵێت: "دڵنیاتان دەکەینەوە هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور مافی خۆی جێبەجێ دەکات، کە نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیریی وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بن، بۆ ئەوەی بتوانین رووبەرووی هەموو جۆرە تیرۆرێک و ناخۆشییەک بین کە لە ناوچەکەدا هەیە."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی "لە رووی ئابووریشەوە قسەمان لەسەر پەرەپێدانی ئابووریی نێوان هەردوولا کردووە کە لە بەرژەوەندیماندا بێت و بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی هەن چارەسەری بکرێن."
 
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەرەتای قسەکانیدا سوپاسی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ پێشوازییەکە و گوتی "سوپاسی خۆم ئاراستەی برای ئازیزیم مەسرور بارزانی و پێگەکانی حکومەتی هەرێم دەکەم بۆ ئەو پێشوازی و میواندۆستییە بەرامبەر خۆم و شاندەکەم. هەروەک دەزانن تورکیا بەشێوەیەکی زۆر داینەمیکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پێشدەخات. تورکیا، پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و هەولێر هەمیشە و لە هەموو ئاستێکدا بە گرنگی دەبینێت."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا کرد و گوتی "لە سەردانەکەم بۆ بەغدا، بابەتی زۆر لە رۆژەڤدا هەبوون. بابەتەکانی ئابووری، رێگەی گەشەپێدان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بابەتی ئاو، هەروەها بابەتی وەکو دووبارە نۆژەنکردنەوەی عێراق لەڕووی ژێرخان و سەرخانمان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار؛ وەزیری دەرەوە، سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار گەنگەشە کرد. دەرفەتی دیدارمان لەگەڵ زۆر لایەن بۆ رەخسا. هەروەها لەگەڵ سەرۆکی ئەو پارتە سیاسییانەی لە حکومەتدا بەشدارن، کۆبووینەوە. دەرفەتی ئەوەمان هەبوو لەگەڵ ئەوانیشدا بابەتەکانی عێراق، ناوچەکە و جیهان تاوتوێ بکەین."
 
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ هەولێر، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی "ئەمڕۆ بەیانی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی کۆبووینەوە. هەروەها لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیران هەم دوو بە دوو و هەمیش وەک شاند کۆبووینەوە. هەروەک بەڕێزیان ئاماژەیان پێکرد، لە سەرووی هەموویانەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، وزە، ئابووری، بازرگانی و زۆر بابەتی دیکەمان خستە بەر باس و چاوپێداخشاندنەوە."
 
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی گرنگی سەقامگیری شاری هەولێری کرد و گوتی "هەروەک دەزانن، لەو ساڵانەی عێراق بە کێشەدا تێدەپەڕی، هەولێر بەردەوام شارێک بووە کە سەقامگیری و ئاسایشی تێدا بووە. ئێمە لەو باوەڕەداین بەردەوامبوونی ئەو سەقامگیری، ئاسایش و گەشەپێدانی ئابوورییە، زۆر گرنگە. بۆ بەردەوامبوونی ئەمە، ئامادەی هەموو جۆرە هاوکاری و پشتیوانییەکین. بەتایبەتیش بەهۆی ئەو هاوئاهەنگیی لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا نیشانیان داوە."

 
هاکان فیدان لەبارەی بابەتی تیرۆر کە لە کۆبوونەوەکانیدا باسی کردووە، دەڵێت "بۆ رزگاربوونمان لە بەڵای تیرۆر، هێشتا زۆر کار هەیە بیانکەین. هەروەک دەزانن بەشێکی زۆری ئەم بابەتەمان لە تورکیا چارەسەر کرد. ئێستا لە خاکی عێراقدا رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە خۆی حەشاردەدات. پەنا بەخوا هەموومان بەیەکەوە ئەو ڤایرۆسە لە عێراق پاکدەکەینەوە. چ لەگەڵ ئیدارەی بەغدا و چ لەگەڵ ئیدارەی هەولێر، پێداگریمان لەسەر پاککردنەوەی خاکی عێراق لە تیرۆری پەکەکە بینی. هەر بۆیە خۆشحاڵین و ئامادەی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکیشین بۆ هەردوو ئیدارەکە."
 
رۆژی سێشەممە، 22-08-2023 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و فوئاد حوسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق کۆبووەوە. 
 
دوای کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 24-08-2023 وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە هەرێمی کوردستان، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و، بڕیارە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و سەرۆک بارزانیش کۆببێتەوە.
 
بڕیارە کۆتایی مانگی داهاتوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق بکات، هاتنی هاکان فیدان وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئەو سەردانە.