قایمقامی سیدەکان: فڕۆکەی تورکیا بۆردوومانی ماڵی هاونیشتمانییەکی کرد


رووداو دیجیتاڵ 

قایمقامی سیدەکان رایدەگەیێنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی ماڵێکی کردووە و خێوەتەکەیانی بەتەواوی سووتاندووە، بەڵام کەسی ماڵەکە زیانیان پێنەگەیشتووە. بەپێی زانیارییەکانی رووداویش، چوار گەریلای پەکەکە لەو بۆردوومانەدا گیانیان لەدەستداوە.
 
رووداوەکە دەوروبەری کاژێر 04:45 خولەک بووە، ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بە رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی ماڵەکەیان بەر بۆردوومانەکە کەوتووە ناوی موخلیس رەشید بووە و پیشەی ئاژەڵدار و جووتیاری بووە. لەکاتی بۆردوومانەکە ئەو کەسانە سەرقاڵی ئاودانی باخەکەیان بوون. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەو گەریلایانەی پەکەکە کە گیانیان لەدەستداوە، دوو ژن و دوو پیاو بوون. 

ئەمە دووەم رووداوی بۆردوومانی "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیایە" لەو سنوورە. بەگوێرەی زانیارییەکانی دژەتیرۆری کوردستان، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-8-2023 ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لەسەر رێگەی سنینێ لە قەزای سیدەکانی پارێزگای هەولێر کردە ئامانج و بەهۆیەوە بەرپرسێکی باڵا و دوو چەکداری پەکەکە گیانیان لەدەستدا.

ئیحسان چەلەبی، قایمقامی سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 12:20 خولەکی شەوی رابردوو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب هایلۆکس بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دوو جار لێی دراوە و بە تەواوی سووتاوە.
 
شایەتحاڵانی نزیک لەو شوێنەی ئۆتۆمبێلەکەی تێدا کراوەتە ئامانج بە رووداویان راگەیاند، بیندراوە ئۆتۆمبێلەکە سێ کەسی تێدابووە. گوتیشیان، تائێستاش بەردەوام فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بەسەر ئاسمانی سنوورەکەدا دەسوڕێتەوە.