لە چوار مانگدا هەشت شەڕ لەنێوان زاوا و خەزوور روویانداوە کە حەوتیان لە هەولێر بوون
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە یەکی مانگی نیسانەوە تاوەکو 24ـی ئاب، لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی هەشت جار شەڕ لەنێوان زاوا و خەزوور روویانداوە، کە حەوتیان لە هەولێر بوون.
ژمارەی شەڕەکانی نێوان زاوا و خەزوور لە هەولێر، تەنیا لە مانگی رابردوودا سێ شەڕ بوون، کە دوایینیان درەنگانی دوێنێ شەو (23ـی ئابی 2023) لە گەڕەکی فەرمانبەران لە شاری هەولێر روویدا، تێیدا زاوایەک بەسەر ماڵی خەزووریدا دا و خەزووری بە چەقۆ بریندار کردووە.
لە شاری سلێمانیش لە ماوەی چوار مانگدا، تەنیا یەک شەڕ لەنێوان زاوا و خەزوور روویداوە.
وردەکاریی شەڕی زاوا و خەزوور لە ماوەی چوار مانگدا:
رۆژی چوارشەممە 17-05-2023 لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی پیاوێک تەقەی لە کچ و زاواکەی کرد و هەردووکیانی بریندار کرد، کە ئەوە تاکە رووداوە لە ماوەی ئەو چوار مانگە لەنێوان زاوا و خەزوور لەو پارێزگایەدا روویدابێت.
ئێوارەی 23-04-2023 لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی هەولێر لەنێوان زاوا و خەزوورێکدا شەڕە تەقە روویدا، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.
لە رووداوێکی دیکەدا لە شاری هەولێر لە 26-05-2023 هاووڵاتییەک بە ناوی حەسەن، کە نزیکەی مانگێک پێش ئەوکاتە داوای جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی کردبوو، دوو برای هاوژینەکەی بردوویانەتە باخێک و نزیکەی 7 کاژێر لێیان داوە و پێیدەڵێن، "نابێت لە هاوژینەکەت جیابیتەوە، ئەگینا دەتکوژین".
شەوی 19-06-2023، گەنجێک لە هەولێر لەدوای چوار مانگ لە هاوسەرگیری، دەستڕێژی گوللـەی لە ماڵی خەزووری کرد و هاوژینەکەی و خوشکێکی هاوژینەکەی کوشت.
لە رووداوێكدا لە بنەسڵاوەی هەولێر، 01-07-2023، چەند کەسێک هەڵیانکوتایە سەر ماڵی زاواکەیان بەهۆی ئەوەی ویستبووی ژنی دووەم بهێنێت، زاواکە گوتی بۆ کوشتنی چوون و ماڵە خەزوورانیشی رەتیانکردەوە بۆ کوشتن بووبێت.
رۆژی چوارشەممە 12-07-2023 شەڕێک لە نێوان زاوا و خەزوورێکدا لە شاری هەولێر روویدا کە گوترا بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە، لە ئەنجامدا خەزوورێک زاواکەی خۆی بە دەستڕێژی گولـلە کوشت.
17-07-2023 سێ کەس لە شەقامی 60 مەتریی شاری هەولێر هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییەک و لێیان دا، رۆژی 18ـی تەممووز لەبارەی رووداوەکە ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "سێ چەکدار بوون، دووانیان دەستگیرکراون و کێشەکە کۆمەڵایەتیی بووە و لەنێوان زاوا و خەزوور."
درەنگانی شەوی چوارشەممە 23-08-2023 لە گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر، زاوایەک بەسەر ماڵی خەزووریدا داوە، خەزووری بە چەقۆ بریندار کردووە، لە کوڕی خەزوورەکەشی دەدات، کوڕی خەزوورەکەیشی لە زاواکەیانی داوە و دواتر زاواکە بە برینداری لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە.