لە سرووجی رووهای باکووری کوردستان نانەواخانەکان داخران
روودو دیجیتاڵ
لە شارۆچکەی سرووج-ی سەر بە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان نانەواخانەکان داخران.
خاوەن نانەواخانەکانی ئەو شارۆچکەیە رۆژی سێشەممە 23ی تەممووز ناڕەزاییان بەرامبەر پڕۆژەی "نانی گەل" دەربڕی، کە لەلایەن شارەوانیی سرووج بەڕێوەدەبرێت و نانەواخانەکانیان نەکردەوە. هاوسەرۆکی شارەوانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە پڕۆژەکەیان پاشەکشە ناکەن.
لە 31ی ئاداری ئەم ساڵ، شارەوانیی سرووج پرۆژەی "نانی گەل"ی دەستپێکرد و لە 19 نانەواخانە دەستیکرد بە فرۆشتنی نانی هەرزان. شارەوانی هەر نانێکی 200 - 210 گرامی بە 5 لیرە (15 سەنت) دەفرۆشێت، نانەواخانە سەربەخۆکانیش بە 8 لیرە (24 سەنت) دەیفرۆشن.
موسلیم باران، هاوسەرۆکی شارەوانی سرووج بە رووداوی راگەیاند، "دوێنێ لەگەڵ خاوەنی نانەواخانەکە کۆبوونەوەیەکمان هەبوو، داوایان لێکردین نانێک بە 6.5 لیرە (20 سەنت) بفرۆشین و شوێنەکانی فرۆشتنیش کەم بکەینەوە. بەر لە ئێمە شارەوانی نانی بە 3.5 لیرە (11 سەنت) دەفرۆشت، ئێمە بە 5 لیرە (15سەنت) دەیفرۆشین و ئەمەش خەرجییەکانمان دەردەهێنێت. خاوەنی نانەواخانەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و ئەمڕۆ لە کۆی 80 نانەواخانە 65 نانەواخانەیان داخراون و تەنیا 10 - 15یان کراونەتەوە."
هاوسەرۆکی شارەوانی سرووج دەڵێت، "رۆژانە 6000 نان دەفرۆشن، خەڵکی سرووج پشتیوانییان دەکەن و بە هیچ شێوەیەک هەنگاوێک نایەنە دواوە."
موسلیم باران ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر نانەواخانەکان بەردەوام بن لە ناڕەزایەتییەکانیان، دەتوانین نانەواخانەیەکی دیکە بکەینەوە و ژمارەی نانەکان زیاد بکەین، بۆئەوەی مافی خەڵک نەخورێت."
لەلایەکی دیکەوە ئایتەن کایا، هاوسەرۆکی شارەوانی سرووج لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاندووە، "هەنگاوێک لە فرۆشتنی نانی هەرزان و خاوێن بە خەڵکی سرووج پاشەکشە ناکەین، هەڵوێستی خاوەن نانەواخانەکان قبووڵ ناکەین کە نانەواخانەکانیان داخستووە و بووەتە هۆی ئازاردانی خەڵک. بۆ پێویستیی خەڵک ئەگەر پێویست بوو، بە دەستی خۆمان نان دروست دەکەین."