وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان: بە داهاتی ناوخۆ ناتوانین مووچە دابین بکەین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ناتوانن مووچەی مانگانەی فەرمانبەران بدەن، چونکە پێشتر مانگانە 720 ملیار دینار لە داهاتی نەوت دەگەڕایەوە و ئێستا ئەو پارەیە نییە.
رۆژی دووشەممە 24-07-2023 ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کفریی کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییدا لەبارەی ناڕەزایەتیی دانیشتووانی کفری و ئەو گردبوونەوەی لەو شارەدا دەکرێت گوتی، "لە کاتی پێشمەرگایەتیدا سەردانی زۆربەی ماڵەکانی کفریم کردووە و ئاگاداری کێشەکانی ئەو شارەم و دەتوانم بڵێم زۆربەی ئەو کێشانە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن. لە ماوەکانی رابردوودا ئەوەی لە وەزارەتی دارایی پێمان کراوە کردوومانە و هیچ کەمتەرخەمییەکمان نەکردووە و رەزامەندیمان لەسەر خەرجکردنی زیاتر لە سێ ملیار دینار داوە بۆ نەهێشتنی کەموکورتییەکانی کفری و لەمەودواش ئەوە دەکەین."
ئەوەی کە پەیوەندی بە مووچەوە هەیە، ئاوات شێخ جەناب گوتی، "بە داهاتی ناوخۆ ناتوانین مووچە دابین بکەین. کاتی خۆی مانگانە 720 ملیار دینارمان لە داهاتی نەوت بۆ دەهات کە دەیکرد 80٪ـی مووچە و ئەوەی دەمایەوە لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرا. ئێستا داهاتی ناوخۆ بەگوێرەی یاسای بودجە دەبێت تەنیا 50٪ـی وەربگرینەوە و داهاتی نەوت نەماوە. بۆیە ئێستا لەگەڵ عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی نەوتی و نانەوتی و هەموو ئەو بابەتانە هەموو شت یەکلا بکەینەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکی هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان کە دەڵێت، ئەگەر تاوەکو 30ـی تەممووز وەزارەتی دارایی مووچەی مانگی حوزەیرانی دابەشنەکرد چی بڕیارێک دەدەن، وەزیری دارایی گوتی، "بڕیارەکە بڕیاری سیاسییە و هی حکومەتە."