جیاوازی دابەشکردنی مووچە لە نێوان هەولێر و بەغدا


رووداو دیجیتاڵ 

کۆتایی مانگی حەوتە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی شەشیان وەرنەگرتووە. 
 
مامۆستا خالید سێ ساڵە خانەنشین بووە و چیرۆکی خانەنشینبوونی خۆی و هاوڕێیەکی عەرەبی دەگێڕیتەوە کە چۆن ئەو بە مووچەیەکی زیاتر خانەنشین بووە و مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەردەگرێت، بەڵام ئەم لە دڵەڕاوکێی تەواوبوونی یاری سیاسی و ئابووریی نێوان هەولێر و بەغدایە و چاوەڕێی مووچەکەیەتی؛ چاوەڕوانییەک کە نازانێت تەواوبوونی دەستی بە مووچەکەی دەگەیێنێت یاخود نا. 
 
خالید قادر، خانەنشینێکە و دەڵێت: دوو هەفتەیە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقن، ئایا بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرن یاخود نا.
 
لە عێراقی نوێدا کە دێتە سەر ماف، بەغدا خۆی بەخاوەن ماف و دەسەڵاتی بەسەر هەرێمی کوردستان دەزانێت، بەڵام کە دێتە سەر ئەرک، سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق بە تەواوی بەرجەستە دەبن، لە بەغدا مووچەخۆر تێرە و لە هەرێمی کوردستان مووچەخۆر چاوەڕێی رێکار و بڕیارە تاقەتپڕووکێنەکانی بەغدان. 
 
لە عێراق هاتنی مووچە بۆ عامر هەواڵی بەپەلە و مژدانە نییە، چونکە مانگانە لە کاتی خۆی مووچەکەی دێتە سەر هەژمارە بانکییەکەی. عامری مووچەخۆر لە بەغدا هەڵگری هەمان رەگەزنامەی مامۆستا خالیدی مووچەخۆرە لە هەولێر.
 
عامر عەبدولحەمید، فەرمانبەرە لە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و دەڵێت: من مووچەکەم بەبێ لێبڕین و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا وەردەگرم. 
 
هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە هەر پابەندییەک کە لە یاسای بودجەدا کەوتووەتە سەرشانی جێبەجێی بکات، بۆیە دەبێت بەغدا تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بێت بە دواکەوتنی مووچە، ئەو دواکەوتنەی هەشت ساڵە بەرۆکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی گرتووە.