دەزگای لووتکە: تەرمی کۆچبەرێکی کورد لە مەکسیکەوە دەگەڕێندرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند، رۆژی هەینی تەرمی کۆچبەرێکی کورد کە لە مەکسیک گیانی لەدەستداوە، دەگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان.
رۆژی دووشەممە، 24-07-2023 دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران رایگەیاند: "ئەو کۆچبەرە ناوی فەخرەدین ئەحمەدە و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرک و تێچووی گەڕانەوەی تەرمەکەی لە ئەستۆ گرتووە."
دەزگای لوتکە دەڵێت، بڕیارە رۆژی هەینی 28ـی تەممووز تەرمی ئەو کۆچبەرە بگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە زێدی خۆی لە شارۆچکەی چەمچەماڵ بەخاکبسپێردرێت.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دەزگای لووتکە، ئەو کۆچبەرە رۆژی 2ـی تەممووزی ئەمساڵ بە نەخۆشییەکی کتوپڕ لە مەکسیک گیانی لەدەستداوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای لووتکە، ئەو کۆچبەرە بە فەرمی تاوەکو بەرازیل رۆشتووە و ویستوویەتی بە قاچاخ بچێتە ئەمریکا، کاتێک گەیشتووەتە مەکسیک بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپر گیانی لەدەستداوە.