بەڕێوەبەری شەڵتەری هەولێر: 70 سەگ کۆکراونەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا تەنیا 70 سەگ بۆ شێڵتەرەکەیان گوێزراونەتەوە و پڕۆسەی نەزۆککردنیان دەستیپێکردووە.
رۆژی دووشەممە 24-07-2023 هێمن محەممەد، پزیشکی ڤێتێرنێری و بەڕێوەبەری ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگە بیلانەکان دروستکراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە شەوان بەردەوامین لە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و تاوەکو ئێستا 70 سەگ کۆکراونەتەوە و نیوەیان نەزۆک کراون."
بە گوتەی بەڕێوەبەری شێڵتەرەکە، زۆرترین سەگ لە گەڕەکەکانی فەرمانبەران، هەولێری نوێ و مامزاوا کۆکراونەتەوە و دەڵێت، "لە سەنتەر و دەوروبەری هەولێریش سەگ کۆدەکرێنەوە، بەڵام زیاتر گرنگی بەو شوێنانە دەدەین کە زۆرترین سەگی لێیە. شەش شارەوانیمان هەیە و لە سنووری هەر شەشیان کۆکردنەوەی سەگ بەردەوامە."
8ـی تەممووز لە پارێزگاری هەولێر دەست بە کۆکردنەوەی سەگی بێلانە کرا. لەبارەی شێوازی گرتن و گواستنەوەی سەگەکان بۆ شێڵتەرەکە هێمن محەممەد گوتی، "ئێستا شێوازی قەفەسی تەڵە بەکاردەهێنین؛ ئەو قەفەسە خۆراکی تێدا دادەنرێت و کە سەگەکان چوونە نێوی بۆ خواردنی ئەو خۆراکەی دانراوە راستەوخۆ دەگیرێن و دەگوازرێنەوە. لە هەنگاوی یەکەمدا دەمانەوێت بەو شێوازە سەگەکان بگوازینەوە."
ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە دروستکراوە دەکەوێتە سەر رێگەی هەولێر- گوێڕ و رووبەرەکەی 50 هەزار مەتر دووجایە و توانای لەخۆگرتنی پێنج هەزار بۆ 10 هەزار سەگی هەیە؛ لە شێڵتەرەکەدا زیاتر لە 36 جێگە بۆ حەوانەوەی سەگەکان دابینکراوە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لە سەنتەر شاری هەولێر نزیکەی 20 هەزار سەگی بێلانە هەیە.