گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران: پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی تەرخانکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، پارەی نەختینە تەرخانکرا بۆ مووچە و سبەی مووچەی مانگی شەشی مامۆستایانی زانکۆ و مووچەی مانگی پێنجی مامۆستایانی وانەبێژ و دەرماڵەی خوێندکاران بۆ مانگی چوار خەرج دەکرێت.
 
سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هەوڵی جیددی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی سیولە لە بانکەکانی سلێمانی، کێشەکە کەمبوونەوەی سیولەیە، نەک کەمبوونەوەی داهات.
 
هەرچەندە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەش کرا و دەبووایە لە ماوەی هەفتەیەکدا مووچەی سەرجەم فەرمانبەران خەرجبکرێت، بەڵام مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی تاوەکو ئێستا مووچەیان وەرنەگرتووە.
 
گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، داهات و خەرجی لە سلێمانی شەفافتر دەکرێت لەڕێگەی سیستمێکی ئەلیکترۆنییەوە، بە شێوازێک کە روون بێت داهاتی هەر دەزگایەکی حکومی لە هەر رۆژێکدا چەندە و خەرجییەکانیش چەندن و بۆچی خەرج دەکرێن. سەمیر هەورامی گوتیشی، لە ماوەی داهاتوودا سیستمەکە دەکەوێتە کار.