لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا و 13ی دیکە بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگاکانی سێواز و خارپێتی باکووری کوردستان کەسێک گیانی لەدەستدا و 13 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکەی سێواز بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی سەرەکیی سێواز - ئەنقەرە لە ئەنجامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك روویدا و بەو هۆیەوە شەش کەس بریندار بوون.
 
بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە جیاوازەکانی سێواز گوێزرانەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، دۆخی تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
 
لە لایەکی دیکەوە درەنگانی شەوی رابردوو لە چواڕیانێکدا لە ناوەندی شاری خارپێت، مینی پاسێک بە ژمارەیەک سەرنشینەوە خۆی کێشا بە بەربەستی لێواری رێگەکە و لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون.
 
دوای گەیشتنی تیمەکانی پۆلیس و تەندروستی، بریندارەکان لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری بەپەلەیان بۆ کرا و گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە رۆژی 23ـی حوزەیران بڵاوکرایەوە، لە هەشت رۆژی پێش 23ی حوزەیراندا 68 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 10 هەزاریش بریندار بوون.