وەزیری خوێندنی باڵا: دوای جەژن ئەنجامی تاقیکردنەوەی توانستی زانستی رادەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دوای جەژنی قوربان، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی خوێندنی باڵا بۆ هەریەکە لە دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا رادەگەیێنن.
رۆژی شەممە، 24-06-2023 د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای جەژنی قوربان ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا رادەگەیێنین و باشترە ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەشکردووە پشوو وەربگرن."
وەکو وەزیری خوێندی باڵا دەڵێت، دەیانەوێت پڕۆسەکە بە شەفافی بەڕێوەبچێت و دەڵێت: "دەمانەوێت بە ئیسراحەت وردبینی بۆ نمرەکان بکەین و هەقی هیچ کەسێک نەفەوتێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەشێوەیەکی شەفاف و یەکسان بەڕێوەبچێت و دڵنیابم لە کۆکردنەوەی نمرەکان، هەر بۆیە راگەیاندنی ئەنجامەکان دەخرێتە دوای جەژن."
زیاتر لە 15 هەزار کەس داواکارییان بۆ تاقیکردنەوەکانی، دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا پێشکەشکردووە. وەزیری خوێندنی باڵا دەڵێت: "بە دڵنیاییەوە ناتواندرێت ئەو ژمارە زۆرە وەربگیرێت و نزیکەی حەوت هەزار کورسیمان هەیە، واتا نزیکەی هەشت هەزار کەس ناویان نایەتەوە، بۆیە ئەنجامەکان دەخەینە دوای جەژن چونکە نامانەوێت ئەو ژمارە زۆرە پێش جەژنی قوربان خەم بخۆن و جەژن لە خۆیان و خانەوادەکانیان تێکبدەین."
رۆژی 12ـی حوزەیران تاقیکردنەوەی توانستی زانستی خوێندنی باڵا، دپلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا بەڕێوەچوو. کە 15 هەزار و 728 کەس داواکارییان پێشکێشکردبوو، 11 هەزار و 382یان بۆ ماستەر و دوو هەزار و 692یان بۆ دکتۆرا، 177یان بۆ دپلۆمى باڵاى دوو ساڵەى پزیشکى و هەزار و 477یان بۆ دپلۆمى باڵاى یەک ساڵەى ئەکادیمى بەشدارى تاقیکردنەوەکان دەکەن.