مەسرور بارزانی: چاوەڕێین حکومەتی فیدراڵی لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکان هاوکارمان بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی بەنداوی بەستۆڕەی دانا و رایگەیاند، چاوەڕێی هاوکاریی حکومەتی فیدراڵی دەکەن بۆ دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممە 24-06-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی بەنداوی بەستۆڕەی دانا و گوتارێکی لەبارەی بەنداوەکە و سامانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، پێشکێش کرد.
ئەم بەنداوە دەکەوێتە سەر چەمی بەستۆڕە، 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە و ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەهۆی بارینی بەفر و باران ئاستی ئاوەکەی زۆر دەبێت، بەڵام لە هاویندا وشک دەبێت، مەسرور بارزانی لەوبارەوە ئاماژەیدا، لە رێگەی ئەم پڕۆژەوە، دەکرێت لە هەموو وەرزەکانی ساڵدا ئاوی لێ گلبدرێتەوە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە سوودەکانی بەنداوی بەستۆڕە کرد و گوتی ''دەتوانین بۆ خواردنەوە، کشتوکاڵ، بەرهەمهێنانی وزە و گەشتیاری، ئاو گلبدەینەوە و سوودێکی زۆر لەم جۆرە بەنداوانە وەربگرین''.
مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، بە دروستکردنی ئەم بەنداوە، هاوکاریی خەڵکی دەڤەرەکە دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن سوود لە سامانی ماسی وەربگرن.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتیشی، وەکو بەشێک لە بەرنامەی کاری حکومەت بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، بڕیاردراوە چەندین بەنداوی جیاواز لە شوێنە جیاجیاکانی کوردستان دروست بکرێن، ''کە بە خۆشحاڵییەوە هەندێک لەو بەنداوانە جێبەجێ کراون، هەندێکیان خەریکن جێبەجێ دەکرێن و هەندێکیشیان دیزایینیان بۆ کراوە و لە داهاتوودا کاریان لەسەر دەکرێت''.
وەک مەسرور بارزانی دەڵێت، دروستکردنی ئەم بەنداوانە کاریگەریی زۆریان لەسەر پەرەپێدان و سەقامگیریی ئابووریی هەرێمی کوردستان هەیە، ''چونکە ئاو سامانێکی ئابووری و نیشتمانیی گرنگ و بەهادارە و ئەرکی هەموومانە دەست بە ئاو بگرین و بەفیڕۆی نەدەین''.
سەرۆکی حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە، هەندیک لە بەنداوە گەورەکان تەنیا سوودیان بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو سوودیان بۆ هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراقیش هەبووە، ''بۆیە ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین، حکومەتی فیدراڵی لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوەی ئەم بەنداوانە، یارمەتیدەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت''.
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن کە سێیان گەورەن، بەنداوی دووکان گەورەترینە و توانای گلدانەوەی 7 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی بەستۆڕە کە ئەمڕۆ بەردی بناخەی دانرا، 20 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێر دوورە و بەرزاییەکەی 30 مەترە و توانای گلدانەوەی 20 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەگوتەی مەسرور بارزانی "دەبێ پڕۆژەکە لە ماوەی یەک ساڵدا تەواو بکرێت".