شیعە و سوننە رێگەیان نەدا گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی عەرەبە هاوردەکان هەڵبووەشێنرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەرچۆنێک بێت، فەرەیدوون ئەمساڵیش رەنجی بەبانەچوو و دەستی بە درووێنەی بەرهەمەکەی کرد، بەڵام ئەمە گەرەنتی نییە و لەدوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، عەرەبە هاوردەکان شەڕیان پێ دەفرۆشن و ناچارن بەرگە بگرن.
فەرەیدوون ناسح و سەدان جووتیاری ناوچە دابڕێنراوەکان چاوەڕانی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی بەعسن، کە ئێستا لە پەرلەمانی عێراق مشتومڕی لەسەرە.
فەرەیدوون ناسح، جووتیار لە گوندی تۆپزاوەی کەرکووک دەڵێ "لەدوای 16 ئۆکتۆبەرەوە، ئێمە رۆژ بە رۆژ کێشەمان زۆر دەبێت. لە هەموو لایەکەوە زەفەرمان پێ دەبەن، هەندێک جووتیارمان هەن، عەرەبی هاوردە کێچەڵیان پێ دەکەن، رۆژانە لە دادگەکان سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، کێشەکانمان گەلێک زۆرن، لەوانە کێشەمان لەگەڵ سوپای عێراق هەیە. ئەم زەویانەی ئێمە کراوەتە سەر وەزارەتەکان، وەکو وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی دارایی."
بڕیاربوو 22ـی ئەم مانگە، پەرلەمانی عێراق ئەو پڕۆژەیاسایەی تێپەڕاندبا، کە ئەو موڵکانەی بۆ خاوەنەکانیان دەگەڕاندەوە، موڵکەکان بە هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیراوە.
بەڵام شیعە و سوننە یەکیان گرت و رێگەیان نەدا. بۆیە دواخرا تاوەکو نێوەڕاست و باشووری عێراقیشی بۆ زیاد دەکرێت.
سەباح حەبیب، نوێنەری کەرکووک لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت "بە تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژەیاسایە، موڵکەکان بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەگەڕێنرێنەوە، ئەوانەی خاوەنی راستەقینەی زەوییەکانن، هەروەها داوامان کردووە و لە پڕۆژەیاساکەش جێکراوەتەوە قەربووشیان بکرێتەوە."
گوتیشی "لەکاتی خۆیدا هەندێک قەرەبوویان پێدراوە، کە شتێکی سیمبوولی بووە، بۆ نموونە بۆ یەک دۆنم هەزار یان دوو هەزار دیناریان پێدراوە و زۆر کەم بووە. لێرەدا خاوەن موڵکەکە سەرپشک دەکرێت لەوەی قەرەبووی پارە وەردەگرێت یان زەوی."
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و موڵکی داگیرکراو بۆ خاوەنەکانیان لە پێنج مادە پێکهاتووە، بۆ گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانەیە، کە لەنێوان ساڵانى 1975 بۆ 1979 داگیرکراون.
لە بەغدا، بەتایبەتی لە ناوەندەکانی بڕیار هەرکاتێک بابەتێک لە بەرژەوەندیی کورد و هەرێمی کوردستان بێت، یەک رێگە هەیە تاوەکو بەبێ کێشە تێپەڕێت؛ دەبێت بەرژەوەندیێکی ئەوانیشی تێدا جێبکرێتەوە، گەرنا بە شیعە و سوننەوە یەک دەگرن و دەبنە زۆرینە، ناهێڵن دەنگی لەسەر بدرێت. گەڕاندنەوەى زەویی داگیرکراوى کورد، بە نموونە.