فراکسیۆنی یەکێتی لەبارەی بڵاوکردنەوەی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە وەقائیعی کوردستان: بڕیارێکی حیزبییە
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و دانانی دوو ئەندامی لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت، "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە بڕیارێکی حیزبییە و پێوەی پابەند نابین."
رۆژی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023 ژمارە 305ـی رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاوکرایەوە کە رۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات. لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023ـی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە تایبەت بە "بەردەوامبوون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی" کە بڕیارەکە بە واژۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەرکراوە.
رۆژی چوارشەممە 24ـی ئایاری 2023، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی بڵاوکردنەوەی بریارەکە لە رۆژنامەی وەقائیعی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ شتێکی یاسایی، دەستووری و پەیڕەوی نییە بە ناوی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە. لە سەرەتای دانیشتنی پەرلەمان سەرۆکی پەرلەمان بەگوێرەی بڕگەی سێ لە مادەی 18ـی پەیڕەوی ناوخۆیی پەرلەمان دانیشتنەکەی لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن دواخست؛ ئەوەی بڵاوکراوەتەوە بڕیارێکی حزبییە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد، حیزبەکەی پابەندی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن نابێت و گوتیشی، "بەدڵنیاییەوە کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ پارتی بەردەوام دەبن و گفتوگۆی زیاتر دەکرێت، بەڵام کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن گفتوگۆ هەڵناگرێت و رێگرییمان لێ کردووە و قسەی نوێمان لەوبارەوە نییە."
هەر دوێنێ سێشەممە لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت، "رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە کە کار بە هیچ نووسراوێکی پەرلەمانی نەکەن ئەگەر واژۆی خۆی لەسەر نەبێت."
کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کۆمیسیۆن کاراکراوەتەوە، بەڵام فراکسیۆنی یەكێتی رەتیدەکاتەوە و دەڵێت، کارا نەکراوەتەوە.
رۆژی دووشەممە 22ـی ئەم مانگە و دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە زۆرینەی دەنگ و بە دەنگی 58 پەرلەمانتار، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆ و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا کراوەتەوە."