هێمن هەورامی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری: ئامادەکاری بۆ سوێندخواردنی کۆمیسیاران بکەن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان داوا لە ئەنجوومەنی دادوەری دەکات کاری پێویست بۆ رێوڕەسمی سوێندخواردنی کۆمیسیاران بکەن و کۆمیسیۆنیشی راسپاردووە دەست بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی بڕیارەکەی پەرلەمان بکەن، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش دەڵێت "هەموو هەنگاوەکان نایاسایین و هیچ بەهایەکی یاساییان نییە، چونکە نە کۆبوونەوە کراوە، نە دەنگدان هەبووە، با جێگری سەرۆکی پەرلەمان یەک گرتەی ڤیدیۆیی دەنگدان و هەڵبژاردنمان بۆ بنێرێت".
د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە سێ نووسراوی جیا کە رۆژی 23ـی ئایار ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی دادوەری، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، دوو داواکاری لە دوو دامەزراوەی یەکەم دەکات و روونکردنەوەش بە واژۆی خۆی و مونا قەهوەچی، سکرتێری پەرلەمان بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان تایبەت بە بڕیاری ژمارە 10ـی پەرلەمانی کوردستان، سەبارەت بە کاراکردنەوە و هەڵبژاردنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی ناردووە.
یەکێک لەو نووسراوانە بە ژمارە 4/3/1380 ئاراستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەریی کوردستان کراوە و تێیدا هاتووە: "سەبارەت بە مەراسیمی سوێندخواردنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەبەردەم ئەنجوومەنی دادوەری بەپێی خاڵی 3ـی بڕگەی یەکەم لە مادەی پێنجەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە 4ـی ساڵی 2014، سەرنجتان بۆ ئەو راستییە رادەکێشین کە ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنەکە کاراکراوەتەوە و هەڵبژاردنی سەرجەم کۆمیسیارەکان بە رێکاری یاسایی پاڵاوتن و دەنگدان و متمانەپێداندا رۆیشتوون، لەبەر ئەوەی دانیشتنی ژمارە 4ـی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 22ـی ئایاری 2023 پەیوەست بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی 48 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بەردەوام بووە و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەبەر رۆشنایی بڕگەی یەکەمی مادەی 19 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کردووە، بۆیە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان ژمارە 10ـی ساڵی 2023 کە لە رۆژی 23-5-2023 لە رۆژنامەی فەرمی وەقائیعی کوردستان ژمارە 305 بڵاوکراوەتەوە و بفەرموون بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست".
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبارەی دانیشتنەکە بە رووداوی گوت "دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە هەڵگیراوە، بۆیە ئەوەی دواتر نایاساییە و هیچ بەهایەکی یاسایی نییە، ئەوەی روویداوە شەڕ بووە نە دەنگدان و نە هەڵبژاردن هەبووە، با جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەنگدانێک، گرتەیەکی ڤیدیۆییمان نیشان بدات کە بەربژیرەکان دەخرێنەڕوو و دەنگیان بۆ دەدرێت، چەند بەڵی و چەند نەخێر هەیە؟ با ئەوەمان نیشان بدات".
هەمان رۆژ، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوێکی بە ژمارە 4/3/1381ــی ئاڕاستەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کردووە و تێیدا هاتووە "ئاگاداری بەڕێزتان دەکەینەوە کە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان، ژمارە 10ـی ساڵی 2023 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و لە رۆژنامی وەقائیعی کوردستان بە ژمارە 305 لە رۆژی 23ـی ئایاری 2023 بڵاوکراوەتەوە و هەموو رێکارە یاساییەکانی خۆی بڕیوە و بەرکارە، بفەرموون بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی و ئەنجامدانی کاری پێویست".
رۆژی دووشەممە 22ـی ئایاری 2023ـی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە و یەکێک لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو، کە ماوەی یاسایی ئەندامیێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە.
بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و پارتی دروست بوو و سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا.
دوای کۆبوونەوەکە، فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، لەنێو هۆڵی پەرلەمان و بە دەنگی 58 ئەندام پەرلەمان، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەیان رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگرییان لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پەرلەمان کردووە.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێشەممە، 23-05-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی دادوەری، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت کردووە؛ کار بە هیچ نووسراوێکی پەرلەمانی نەکەن، ئەگەر واژۆی خودی سەرۆکی پەرلەمانی لەسەر نەبێت".
د. هێمن هەورامی بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان: ئەنجامەکانی دانیشتنەکە بەهای یاسایی هەیە
لە نووسراوێکی دیکەشدا، کە بە ژمارە 4/3/1379 ئاراستەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کراوە تایبەت بە دانیشتنەکەی پەرلەمانی کوردستان، تێیدا هاتووە "بفەرموون هاوپێچ لەگەڵ نووسراوماندا روونکردنەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان ئاراستەی بەڕێزتان دەکەین بۆ بەرچاوڕوونی بەڕێزتان لە پەیڕەویبوونی دانیشتنی ژمارە 4ـی پەرلەمانی کوردستان لە رۆژی 22ـی ئایاری 2023 و راستی و دروستی بڕیاری ژمارە 10ـی ساڵی 2023".
لە روونکردنەوەکەیدا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت "سەرۆکی پەرلەمان بە نایاسایی و ناپەیڕەوی هەوڵی کۆتایپێهێنانی دا و دانیشتنەکەی جێهێشت... جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەژێر رۆشنایی ئەو دەسەڵاتەی لە بڕگەی یەکەمی مادەی 19ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێیدراوە لەپیادەکردنی سەرجەم دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتی ئامادەنەبوونیدا سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد و بەپشتبەستن بە بنەما پەیڕەوییەکان دانیشتنەکەی بەڕێوەبرد".
دەشڵێت "هەموو دەرئەنجامەکانی ئەو دانیشتنە، دوای بەردەوامبوونی، بەهای یاسایی و پەیڕەویی خۆیان دەبێت، واتە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کاراکراوەتەوە و هەڵبژاردنی سەرجەم کۆمیسیارەکان بەرێکاری یاسایی پاڵاوتن و دەنگدان و متمانەپێدانی دروستدا رۆیشتوون".
هەروەها باس لەوە دەکات، سەرۆکی پەرلەمان هۆڵی دانیشتن و باڵەخانەی پەرلەمانی جێهێشتبوو، بە ئامادەنەبوو هەژمار دەکرێت، بۆیە هەموو نووسراوێک کە بە واژۆی جیگری سەرۆکی پەرلەمان لەبارەی دەرئەنجامەکانی دانیشتنی ژمارە 4ـی رۆژی 22ـی ئایاری 2023 ئاڕاستەی هەر دامەزراوەیەک بکرێت، هەموو بەهایەکی یاسایی و هیچ بەزاندنێکی دەقەکانی یاسا و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی تێدانییە.