ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە؛ تاوتوێی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق دەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە؛ یەکێک لە بڕگەکانی خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023-2025 دەبێت.
پڕۆژەیاساى بودجەى گشتی 2023ـی عێراق قەبارەکەى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا بە رێژەی %12.6 دیاریکراوە کە دوای جیاکردنەوەى خەرجییەکانی سەروەری و حاکیمە و گەشەپێدانی هەرێمەکان، زیاتر لە 16 تریلیۆن و 609 ملیار و 639 ملیۆن و 162 هەزار دینارە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سێ بڕگە دەکرێت. یەکەم تەوەری کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی 2023 - 2025.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەیدا تاوتوێی ئەنجامی کۆبوونەوەی رۆژی 22ـی ئایاری 2023ـی تایبەت بە دانانی میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیرانی تایبەت بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی دەکات.
رۆژی 22-3-2023 بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە رێکخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی کوردستان کرا و "بڕیاردرا بە یەکخستنی هەژمێری بانکیی سەرجەم سەرچاوەکانی داهات لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە یەک حسابی بانکیدا و کۆتاییهێنان بە دابەشکاریی رێژەیی."
خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، تەوەری سێیەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.