تەقە لە ماڵی سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە دەربەندیخان تەقە لە ماڵی سەرۆکی شارەوانیی قەزاکە کراوە و قایمقامیش دەڵێت، "لەسەر کەیسێکی زیادەڕۆیی بووە و تەقەکەرەکەش تائێستا دەستگیر نەکراوە."
 
سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە رووداوی راگەیاند، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 24-05-2023 لە گەڕەکی خێڵانی قەزاکە تەقە لە ماڵی عوسمان عەبدوڵڵا، سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان کراوە و "خۆی سەلامەتە، بەڵام زیان بەر ئۆتۆمبێلەکەی کەوتووە."
 
لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەکە لە سەرۆکی شارەوانیی قەزاکە، قایمقام گوتی، "کەسێک بناخەی خانوویەکی بە زیادەڕۆیی دانابوو، دوای ئەوەی زیادەڕۆییەکەی لابرا، ئەو کەسە هەستاوە بە تەقەکردن لە سەرۆکی شارەوانیی دەربەندیخان، بەڵام تەقەکەرەکە تائێستا دەستگیر نەکراوە."