جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆن: کۆمیسیۆن کارانەکراوەتەوە و بەشداری هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن ناکەین
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان کە لە پشکی یەکێتییە رایگەیاند: "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کارانەکراوەتەوە و بەهیچ شێوەیەک بەشێک نابین لە هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردن." دەشڵێت، "پابەندی نووسراوی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانین."
رۆژی سێشەممە 23-05-2023، هەندرێن محەممەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ كاراكرانەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان، نووسراوی فەرمیی پەرلەمانی كوردستانیان بەدەست گەیشتووە و گوتی: "ئێمە كار بەو نووسراوە دەكەین و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن دەكەین."
لە بەرامبەردا، سلێمان مستەفا حەسەن، جێگری سەرۆکی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان کە لە کاتی قسەکردن بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پۆستی خۆی بە "جێگری پێشووی سەرۆکی کۆمیسیۆن" ناساند و گوتی، رۆژی سێشەممە دوو نووسراو گەیشتوونەتە ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیۆن و راپرسی. نووسراوێکیان لەلایەن جێگری سەرۆکی پەرلەمان و نووسراوێکی دیکە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانەوە.
لەبارەی دەقی نووسراوی سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "دەقەکەی دەڵێت، بەرێز كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ئاگادارتان دەکەینەوە کە هیچ بڕیارێکی پەرلەمانی بە ژمارە 10ـی 2023 لە پەرلەمانی کوردستان دەرنەچووە، لەبەرئەوەی لە دانیشتنی ژمارە 4ـی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان لەبەر رۆژشنایی بڕگەی سێیەم لە مادەی 18ـی پەیڕەوی نێوخۆیی پەرلەمانی کوردستان، دانیشتنی ئاماژەبۆکراوی دواخستووە، هەروەها بەر مەبنای بڕگەی 11ـی مادەی 18ـی پەیڕەوی نێوخۆی پەرلەمای کوردستان واژۆکردنی سەرجەم نووسراوەکان تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەماندایە و دەسەڵاتی بە کەسی دیکە نەداوە، بۆیە هەر نووسراوێک بەبێ واژۆی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەر دامەزراوەیەک بنێردرێت هیچ بەهایەکی یاسایی نییە."
لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، سلێمان مستەفا حەسەن گوتی: "جەخت لەوە دەکەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ د. رێواز فایەق بەگوێرەی پەیڕەو و رێکارەکان تاکە دەسەڵاتیان هەیە و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە، بۆیە بەگوێرەی نووسراوەکەی کۆمیسیۆن کارانەکاراوەتەوە، من کە ناوم سلێمان مستەفایە هێشتا جێگری پێشووی سەرۆکی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانم و لە 23-12-2019 ماوەی یاساییم تەواو بووە."
جێگری "پێشووی" سەرۆکی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان گوتی: "من کارانەکراومەتەوە، لەبەرئەوەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێكاری یاسایی بەرکارە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە و کۆمیسیۆن لە هەموو دامودەزگایەکی دیکەی کوردستان هەستیارترە، بۆیە پێگەیەکی تایبەتی دراوەتێ و سەر بە دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری نییە و ئێمە ئامانەتی گەورەمان لە ئەستۆیە، پێویستە هەر رێکارێک دەگیرێتەبەر بۆ کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن بە سازانی نیشتمانی و لەبەر رۆشنایی یاسا بەرکارەکان بێت بۆ ئەوەی ئەنجوومەنەکە بتوانێت بە بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی هەستێت."
ماوەی یاسایی ئەندامێتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە، بۆیە تاوەکو کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە، ناتوانێت سەرپەرشتی هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بکات.
سلێمان مستەفا حەسەن جەخت لەوە دەکاتەوە، پابەندی نووسراوی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەبن و کار بە هیچ نووسراوێکی دیکە ناکەن ئەگەر واژۆی سەرۆکی پەرلەمانی لەسەر نەبێت و دەڵێت: "لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان کە متمانە بە ئەندامانی کۆمیسیۆن دراوە، هەموویان ئامادەی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بوون و دانە بە دانە متمانەیان خرایە دەنگدانەوە، دوای ئەوە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە نووسراو بۆ ئەنجوومەنی دادوەری کرا، ئەوکات لە ئەنجوومەنی دادوەری سوێندی یاساییمان خوارد، دوای ئەوە گەڕاینەوە کۆمیسیۆن لە نێو خۆمان سەرۆک، جێگر و بڕیاردەرمان بە دەنگی دوو لەسەر سێ واتا بە شەش دەنگ هەڵبژارد."
بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن، پێویستە لە سەرجەم کۆبوونەوەکان کە بەڕێوەدەچێت، لە کۆی نۆ ئەندامی ئەنجوومەنەکە پێنج ئەندامیان ئامادەی کۆبوونەوەکان بن.
عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ساڵێک پێش کۆتایی هاتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەوە بووین لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن رێکبکەوین، دواتر بە یەک پاکێج بخرێتە دانیشتنی پەرلەمانی کورستان، ئەگەریش نەگەیشتین بە رێککەوتن و بە سازان یەکلانەبووەوە، دەبێت رێکبکەوین یان دادگەی فیدراڵیی عێراق بۆمان یەکلابکاتەوە کە بێگومان لەوێ یەکلادەکرێتەوە."
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نۆ ئەندامی هەیە، کە سێ پارتی، دوو یەکێتی، یەک کۆمەڵ، یەک یەکگرتوو و دوو بزوتنەوەی گۆڕانە. عەبدولستار مەجید دەشڵێت: "لەم قۆناخە ئەندامی کۆمەڵی دادگەری لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئامادەی کۆبوونەوەکان نابێت."
22ـی ئایاری 2023 لە پەرلەمانی کوردستان چی روویدا؟
رۆژی دووشەممە 22-05-2023 پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە واژۆی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان و بەبێ رەزامەندی سەرۆکی پەرلەمان گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی دروستبوو، لە سەرەتای دانیشتنەکەش رێواز فایق، سەرۆکی پەرلەمان دانیشتنی پەرلەمانی دواخست. هەر ئەو کات هێمن هەورامی وەکو جێگری سەرۆکی پەرلەمان درێژەی بە کۆبوونەوەکە دا.
دوای کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژەیان بەوەکرد، بە دەنگی 58 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان کاراکراوەتەوە، فراکسیۆنی یەکێتیش ئەوەی رەتکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، رێگریان لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و کۆمیسیۆن کارانەکراوەتەوە.
رۆژی سێشەممە 23-05-2023، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نووسراوی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئاراستەی کۆمیسیۆنی باڵایی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان کرد و داوای کرد ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.