قایمقامی چەمچەماڵ: خراپیی رێگەکانی گواستنەوە کێشەی بۆ ناردنی گاز دروستکردووە
رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژ بوو گازی شل (غازی ماڵان) لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر و دهۆک نەدەنێردرا. قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، خراپیی رێگەکانی گواستنەوە کێشەی بۆ ناردنی گاز دروستکردووە.
رۆژی چوارشەممە 24-04-2024 رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "چەند جارێکە دەگوترێت لە کارگەی کۆرمۆری چەمچەماڵەوە گرفت بۆ ناردنی گاز دروست دەکرێت، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە، ئەوە بۆ ماوەی ساڵێکیش دەچێت، هیچ بڕە گازێک لە کۆرمۆر کەمی نەکردووە."
دابەشکردنی غاز لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی کۆمپانیای ساوز کوردستاندایە. بە گوتەی رەمک رەمەزان، هۆکاری نەچوونی گازی شل بۆ هەولێر و دهۆک، خراپیی رێگەکانی گواستنەوە کێشەی بۆ ناردنی گاز دروست کردووە. دەشڵێت، "داوا لە بەرپرسان دەکەم، ئەم بابەتانە نەچێتە سەر سۆشیال میدیا و کەناڵەکانی راگەیاندن؛ تاوەکو خەڵک نەخەنە دڵەڕاوکێ. تاوەکو ئێستا غاز (گازی شل) لەنێو کارگەی چەمچەماڵ بە 7500 دینارە. لە سنووری سلێمانییش بە هەمان شێوەیە."
رۆژی سێشەممە 23-04-2024 تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە بە رووداوی گوت، ئێستا رێگەکانی بالیسان، سکتان و هیران، شەقڵاوە و دۆڵی سماقوڵی، کۆیە - هەولێر بۆ ناردنی گازی شل بۆ ئەو دوو پارێزگایە بەکاردەهێندرێت.
رۆژانە لە سنووری سلێمانییەوە 24 تانکەر غاز بۆ هەولێر و دهۆک دەنێردرێت؛ 13 تانکەری بۆ هەولێر، دوو بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و 9 تانکەریش بۆ پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
قایمقامی چەمچەماڵ پێیوایە، بەهۆی ئەوەی هەموو بابەتێک بە سیاسی دەکرێت، ئەم بابەتەیش بە سیاسی کراوە. دووپاتی دەکاتەوە، "داوا دەکەم هۆکاری تەنکیکی و هونەری بۆ ناردنی گاز بە سیاسی نەکرێت."
پێش رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، گازی شل لە رێگەی چەمچەماڵ و پردێوە دەنێردرایە هەولێر و دهۆک.
گازی شل (غازی ماڵان)ی هەرێمی کوردستان لە دوو شوێنەوە دابەش دەکرێت، یەکیان کەرکووکە و ئەوەی دیکە کۆرمۆرە. سەرباری ئەوەی هیچ بڕە گازێک لە کۆرمۆر کەمی نەکردووە، بەڵام قایمقامی چەمچەماڵ ئەوە ئاشکرا دەکات کە: "غاز لە کەرکووکەوە بۆ سلێمانی بڕاوە، لە کۆی ئەو 21 کارگەیەی لە سنووری سلێمانیدا هەیە، هەموو کارگەیەک دوو بەش غازی لێبڕدراوە؛ ئەویش دەکاتە 42 تانکەر. بە هەمان شێوە چەند تانکەرێکیش بۆ هەولێر دەچێت، ئەوانیش بڕاون. ئەمەیش بێ کاریگەریی نەبووە، بەڵام کاریگەری لەسەر بڕ و نرخدا نەبووە."
کارگەی کۆمرمۆر رۆژانە نزیکەی هەزار و 50 تەن گازی شل بەرهەم دەهێنێت. بە بڕیاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەشی هەموو پارێزگا و شارەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.