دووکاندارێک لە سۆران: 22 ساڵە بێبازاڕیی لەوە خراپترم نەبینیوە

رووداو دیجیتاڵ 


عامری دووکاندار، سەختترین رۆژەکانی کار و کەسابەتی بەڕێدەکات، بێ بازاڕی نزیکی کردووەتەوە لەوەی دەستبەرداری پیشەیەک بێت، کە 22 ساڵە خەریکییەتی.
 
عامر قادر، دووکاندار لە سۆران بە رووداوی گوت "لەراستیدا هەتاوەکو ئێستا بارودۆخی لەوە سەختتر و بێ بازاڕی لەوە خراپترم نەبینیوە. بە راستی کاریگەریی وای کردووەتە سەرمان، کە خۆزگە بخوازم دەستبەرداری ئەو کارەبم، چونکە بێ بازاڕی گەیشتە سەر ئێسقانمان."
 
ئەم دۆخی بێ بازاڕی و کەمی فرۆشە بۆ بازاڕی سۆران و سنوورەکە وەک یەکە. زۆریی ژمارەی مووچەخۆرانی ئەو دەڤەرە، نادڵنیایی لەکاتی دابەشکردنی مووچە و دواکەوتنی، لە دیاترین ئەو پاڵنەرانەن کە وایانکردووە ئەو خەڵکەی روودەکەنە بازاڕ، زیاتر تەماشاکەر بن نەوەک کڕیار.
 
محەمد برایم، هاونیشتیمانییەکی سۆرانە و دەڵێ "چۆن بە دڵی خۆم بکەم، کە شەش مانگە یەک مووچەم وەرگرتووە، لەوانەیە من دوو ملیۆنی ئەو کەسە قەزدار بم، ئەوە سبەی مووچەم بۆ هات چی لێ بکەم و بە چی بدەم."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی جەمال حەمەد دەڵێ "زۆربەی زۆری خەڵکی ئێرە مووچەخۆرن، کە مووچەش نەبێت، هیچ داهات و سەرچاوەیەکی دیکەیان نییە پشتی پێ ببەستن و لە بازاڕ بەکاریبهێنن."
 
رۆژانە تەنها دوو کاژێر پێش بانگی ئێوارەم بازاڕی سۆران قەرەباڵخ دەبێت، ئەوانەی لەو کاتەدا بازاڕ بەجوڵە دەخەن، بە داراییەکی کەم و سنووردارەوە دێن و پێویستییەکانیان شتی بچوکن، زۆرترین خەرجییان لە پێنج هەزار دینار تێپەڕ ناکات.