رێوڕەسمی جەژنی سەعانینی کریستیانەکان لە حەمدانیە بەڕێوەچوو

رووداو دیجیتاڵ 

رێوڕەسمی جەژنی سەعانینی کریستیانەکان لە حەمدانیە بەڕێوەچوو، خەڵکی ئەم شارە لە کاتێکدا ئەم جەژنە دەکەنەوە کە شەش مانگ لەمەوبەر بەهۆی ئاگرێک لە هۆڵی هەیسەم 133 کەس گیانیان لەدەستدا. 
 
دەلال عیسام، کابانی ماڵەوەیە و دەڵێت، "بێگومان هێشتا ئازار لە دڵماندا ماوە و بە هیچ شێوەیەک لەبیریان ناکەین، خودا لێیان خۆشبێت." 
 
ساند رەنیسان، قوتابییە و دەڵێت، "زۆر قورسە بەبێ ئەو خزم و کەسانەی کە لە ئاگرکەوتنەوەکە لەدەستمانداون ئەم جەژنە دەکەینەوە، بەڵام چیبکەین ئەوە بەشی ئەوان بوو لە ژیان، ئێمەش تووشی نەهامەتی بووین." 
 
نزیکەی شەش هەزار کەس لە حەمدانیە جەژنی سەعانین دەکەنەوە، لەکاتێکدا بەپێی ئاماری کەنیسەکان تەنیا کریستیانەکانی ئەم شارە ئەوانەی کۆچی دەرەوەی وڵاتیانکردووە حەوت هەزار کەس دەبن.
 
داواکاریی زۆربەی دانیشتووانی حەمدانیە لە جەژنی سەعانین گەڕانەوەی کەسوکارەکانیانە لە دەرەوەی وڵات و پێکەوە ژیانیانە. 
 
هێلین عیسا، فەرمانبەرە و دەڵێت، "هیوادارم خێر و ئاشتی بۆ هەموو جیهان بەرقەرار بێت و ئەوانەی لە دەرەوەشن هەمووی بگەڕێنەوە بۆ عێراق چونکە عێراق لە هەمووی باشترە." 
 
حەمید خدر مامۆستایە و باسی ئەوە دەکات: "ئومێدی خۆشگوزەرانی و ئاسایش بۆ هەموو خەڵکی حەمدانیە دەخوازین و داواکارین هەموو خێزانێکی ئەم شارە بگەڕێنەوە بۆ حەمدانیە." 
 
سەرۆکی ئەساقیفه‌ی ئەبرەشییەی سریانیی موسڵ هۆکاری کۆچی کرستیانەکان و خەڵکی دیکەش بۆ بێکاری و نەبوونی هەلی کار دەگەڕێنێتەوە.
 
مار بندکتۆس یۆنان حەنۆ، سەرۆکی ئەساقیفه‌ی ئەبرەشییەی سریانیی موسڵ دەڵێت: "ئومێدەوارین و داواکارین لە حکومەتی عێراق هەلی کار بۆ گەنجانمان بڕەخسێنێت، بڕوا بکە ئەمە کێشەی هەرە سەرەکییە، ئەگەر ئەمڕۆ هەلی کار هەبێت، نەک تەنها بۆ کریستیانەکان، بۆ هەموو پێکهاتەکان، هیچ کەس کۆچ ناکات بۆ دەرەوەی وڵات." 
 
لە ئایینی کریستیانی دا، سەعانین ئەو رۆژەیە کە پێغەمبەر عیسای مەریەم (د.خ) دەچێتە قودس و خەڵکی ئەو شارە بە بەرزکردنەوەی گەڵاکانی زەیتوون و خورما پێشوازی لێدەکەن، ساڵانە کریستیانەکانی جیهان یەک هەفتە پێش جەژنی قیامە ئەم جەژنە دەکەنەوە.