سۆران عومەر: حکومەتی عێراق بانکی ئەهلی قبووڵ ناکات بۆئەوەی پارەی مووچەی تێبکات

 
رووداو - بەغدا

کۆدی بایۆمەتریی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە گەیشتە وەزارەتی دارایی عێراق و تەنیا واژۆی تەیف سامیی ماوە تاوەکو خەرجبکرێت، گەر داواکاریی دیکەی نەبێت، بەپێی رێککەوتنی هەردوو سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی و بە پەشتبەستن بە کۆدی بایۆمەتریی مووچەی مانگی 2ی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە تاوەکو رۆژی سێشەممە خەرج دەکرێت.
 
ئەحمەد جبووری، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی دەڵێت، "مووچەی مووچەخۆران دوای بڕیاری تەوتین، راستەوخۆ بەسترایەوە بە حکومەتی فیدراڵی، ئەمە مانای وایە فەرمانبەرێک کە لە بەغدا یان لە بەسرە یان لە دهۆک و هەولێر و سلێمانییە، مووچەکانیان لە یەک کات و شێوەدا وەردەگرن، پێموایە بۆ ئەم مانگە هیچ کێشەیەک نەماوە بۆ خەرجکردنی مووچەی موچەخۆرانی هەرێم[ی کوردستان]."
 
لەبارەی هەژماری بانکیی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش، رۆژی سێشەممە شاندێک کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و "پرۆژەی هەژماری من" پێکهاتوون، لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە بۆ خستنەڕووی پلان و تەواوکردنی رێکارەکانی کردنەوەی "هەژماری من" بۆ مووچەخۆران.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری دەڵێت، "ئەو شاندەی کە دێن، بۆ بابەتی هەژماری من دێن، بەڵام پێشتر ئێمە ئەزموونمان هەیە بانکی وەرکا و شیمال زۆرترین مووچەی لەسەربوو، هەردوو بانکەکە ئیفلاسیان کردووە، بۆیە حکومەتی عێراقی بانکی ئەهلی قبووڵ ناکات بۆئەوەی پارەی مووچەی تێبکات، تەنیا بانکی حکومیی فیدراڵیی قبووڵ دەکات."
 
دوایین جار بەغدا 37 ملیار و 123 ملیۆن دیناری مووچەخۆرانی نارد، کۆی ئەو پارەیەی کە تائێستا نێردراوە 600 ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کورتهێنانی هەیە و بە گەیشتنی پارەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە دەتوانن دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەن.