تۆمەتبارانی هێرشەکەی مۆسکۆ کێن؟
رووداو دیجیتاڵ
ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا رایگەیاند، دامودەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە، 11 کەسیان لەسەر هێرشە خوێناوییەکەی شەوی هەینی بۆ سەر هۆڵێکی ئاهەنگەکانی شاری مۆسکۆ دەستگیرکردووە. چوار لەو کەسانە ئەوانەن کە راستەوخۆ لە هێرشەکەدا بەشداربوون، کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 133 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 150ی دیکە.
زانیاری لە بارەی ناسنامەی هێرشکارەکان و وردەکاریی هێرشەکە وردە وردە ئاشکرادەکرێن. بە گوتەی وەزارەتی نێوخۆی رووسیا، "هۆشیارانە" نەخشە بۆ هێرشەکە دانراوە بۆ ئەوەی "زۆرترین" قوربانیی لێ بکەوێتەوە.
ئەمەی خوارەوە هەموو ئەو زانیارییانەن کە رووسیا خستوونیەتیەڕوو:
دەستگیرکردنی تۆمەتباران
ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا باس لەوە دەکات، چوار تۆمەتباری سەرەکی، بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە هەرێمی بریانسکی رووسیا کە لەگەڵ ئۆکراینا هاوسنوورە، دەستگیرکران. چوار پیاوەکە هەوڵیاندابوو بە ئۆتۆمبێلێكی سپی لە جۆری رینۆ هەڵبێن. تۆمەتبارەکان لە شوێنی هێرشەکە سواری ئۆتۆمبێلەکە ببوون.
دەزگا ئەمنییەکانی رووسیا بەدوایان کەوتبوون و دوای ماوەیەکی کەم وازیان لە ئۆتۆمبێلەکەیان هێنابوو. هێزە ئەمنییەکانی رووسیا هەر لەو شوێنە یەکێکیان دەستگیرکرد، سێیەکەی دیکە رایانکرد بۆ نێو دارستان، بۆیە هێزە ئەمنییەکان هەڵمەتی گەڕانیان فراوان کرد و سێی دیکەشیان دەستگیرکرد، ئەمە وەک میدیای رووسی باسی دەکات.
دواتر ژمارەیەک ڤیدیۆی لێپێچینەوە لەگەڵ تۆمەتباران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەرچاوە هەواڵییەکانەوە بڵاوکرانەوە. لانیکەم یەکێک لە گومانلێکراوان لە کاتی دەستگیرکردنیدا بریندار بوو و گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە، ئەوانی دیکە لە شاری مۆسکۆ و هەرێمی مۆسکۆ دەستگیرکران.
ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "تاوانکارەکان بە نیازبوون لە سنووری رووسیا-ئۆکراینا بپەڕنەوە و پەیوەندییان بە لایەنی ئۆکراینییەوە هەبووە."
ناسنامەی تۆمەتباران
دامودەزگە حکومییەکانی رووسیا هیچ زانیارییەکی فەرمییان لەبارەی ناو و ناسنامەی یازدە دەستگیرکراوەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام ئەو کەناڵانەی تەلەگرام کە لە هێزە ئەمنییەکانی رووسیاوە نزیکن، باس لەوە دەکەن کە لانیکەم سێ لە هێرشکارەکان تاجیکستانین. وەزارەتی نێوخۆی رووسیا پشتڕاستیکردەوە کە یەکێکیان هەڵگری وڵاتینامەی رووسییە.
ئێرینا ڤۆڵک، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی رووسیا گوتی، "فەرمانگەی کۆچبەرانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ لەگەڵ هاوکارانمان لە ئاسایشی نیشتمانی، هۆشیارانە لێکۆڵینەوە لە مانەوە و ماوەی مانەوەی هەر یەک لەو دەستگیرکراوانە لە خاکی رووسیادا دەکات."
لە ڤیدیۆی لێپێچینەوەدا دەردەکەوێت، یەکێک لە تۆمەتباران بە رووسییەکی خراپ قسە دەکات و یەکێکی دیکەیان لە رێگەی وەرگێڕەوە وەڵام دەداتەوە. یەکێک لە تۆمەتبارە سەرەکییەکان باس لەوە دەکات، سەرەتای مانگی ئادار، لە تورکیاوە چووەتە رووسیا.
هیچ زانیارییەک لەبارەی 7 کەسەکەی دیکە ئاشکرا نەکراوە. داعش دەڵێت، چوار هێرشکارەکە ئەندامی خۆی بوون.
رێکخراوە پەڕگیرەکە لە نامەیەکی تەلەگرامدا دەڵێت: "هێرشەکە لە لایەن چوار لە شەڕکەرەکانمانەوە ئەنجامدرا کە تفەنگ، دەمانچەیەک و چەقۆ و بۆمبی ئاگرینیان پێ بووە."
داعش ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشە بەشێک بوو "لە جەنگی ئاسایی" دژی ئەو وڵاتانەی "شەڕ لە دژی ئیسلام دەکەن."
رۆژی شەممە، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی روویسا باسی لەوە کرد کە هێرشکارەکان هەوڵیانداوە بپەڕنەوە بۆ سنووری ئۆکراینا، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆکراینا هەوڵیداوە "پەنجەرەیەکیان" بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبێن.
ئۆکراینا رەتیدەکاتەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت و مۆسکۆ تۆمەتباردەکات بەوەی دەیەوێت هێرشەکە بۆ خۆشکردنی ئاگری جەنگ بەکاربێنێت.
بەرپرسانی ئەمریکاش پشتڕاستی دەکەنەوە کە چەکدارەکان سەر بە داعش بوون و هیچ پەیوەندییان بە ئۆکرایناوە نییە.
چەک و تەقەمەنی
ئەو ڤیدیۆیانەی لە لایەن داعش و لیژنەی لێکۆڵێنەوەی رووسی بڵاوکراونەتەوە، پێشانی دەدەن کە هێرشکەرەکان تفەنگ، دەمانچە و ژمارەیەکی زۆری گوللـەیان پێ بووە.
یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی لێپرسینەوەیدا باسی لەوە کرد، لەلایەن هەندێ کەسەوە کە لە رێگەی تەلەگرامەوە قسەیان کردبوو، چەکیان بۆ ئامادەکرابوو. هەروەها لە لایەن خزمی یەکێک لە تۆمەبتارەکانەوە، ماوەیەکی کەم بەر لە هێرشەکە، ئۆتۆمبێلێکیان بۆ ئامادەکرابوو.
پاڵنەری پشت هێرشەکە
یەکێک لە تۆمەتباران لە کاتی لێپێچینەوە بە دامودەزگە ئەمنییەکان دەڵێت، "بۆ پارە" ئەو تاوانەی کردووە. پیاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بەڵێنی 500 هەزار رووبلیان پێدراوە کە دەکاتە 5 هەزار و 418 دۆلار. هەروەها باسی لەوە کرد، پێش هێرشەکە، نیوەی ئەو پارەیە گوێزراوەتەوە سەر کارتەکەی.
تۆمەتبارەکە دەڵێت، نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە رێگەی تەلەگرامەوە پەیوەندییان پێوە کراوە و داوایان لێکراوە هێرشەکە بکەن. هەروەها کە پرسیاری لێدەکرێت داوای لێکراوە چی لە هۆڵی ئاهەنگەکەدا بکات؟ دەڵێت، "خەڵک بکوژم،" باس لەوەش دەکات کە پێی گوتراوە "گرنگ نییە کێ دەکوژێت."
لە ڤیدیۆکاندا، هەروەها لە راگەیێندراوی دامودەزگە ئەمنییەکانی رووسیاشدا، دەرناکەوێت گومانلێکراوەکان ملکەچبوونی خۆیان بە هیچ رێکخراوێکی پەڕگیر پێشاندابێت.