موختاری گوندێکی ئێلیهـ لەلایەن دەنگدەرانی ئەڵمانیاوە هەڵدەبژێردرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا موختاری گوندی چنێرانی سەر بە پارێزگای ئێلیهـ (باتمان) لەلایەن دەنگدەرانی ئەڵمانیاوە یەکلایی دەبێتەوە.
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رۆژی 31-03-2024 بەڕێوەدەچێت، هاوکات دەنگدەران موختاری گەڕەک و گوندەکانیشیان هەڵدەبژێرن.
چنێران، گوندی کوردانی ئێزدییە و سەر بە پارێزگای ئێلیهە. ئەو گوندە 10 ماڵی تێدایە و 37 دەنگدەری هەیە کە 20یان ئێستا لە ئەڵمانیا دەژین و لەوێ مافی دەنگدانیان هەیە. واتە 17 دەنگدەری چنێران لە گوندەکە و 20 دەنگدەریش لە ئەڵمانیاوە بڕیار لەسەر پۆستی موختاریی گوندەکەیان دەدەن.
محەممەد ئاڵجوو کە ماوەی 37 ساڵ بوو موختاری گوندی چنێران بوو، ساڵی 2023 کۆچی دواییکرد. ئەوکات کەسێک لە شوێنەکەی وەکو فەرمانبەری کاربەڕێکەر داندرا.
ئەم ساڵ دوو کەس بە ناوەکانی جەنگیز کی و حەسەن گی خۆیان بۆ پۆستی موختاری گوندی چنێران بەربژێر کردووە و لە رکابەریدان. ئەوان چاویان لە دەنگی 17 دەنگدەری گوندەکە و 20 دەنگدەری ئەڵمانیایە. ئەو دەنگدەرانەی لە ئەڵمانیا دەژین، ساڵانە تەنیا لە وەرزی هاویندا ماوەیەک دەگەڕێنەوە گوندەکەیان.
جەنگیز کی، کە یەکیک لە بەربژێران بۆ پۆستی موختاری گوندەکەی گوتی:"ئێستا لە گوندەکەماندا 6-7 ماڵبات دەژین. بەشی زۆری دەنگدەرانمان لە ئەڵمانیا دەژین. چاومان لە دەنگی دەنگدەرانی ئەڵمانیایە."
لەبارەی بەڵێنی موختاری داهاتووی گوندی چنێران بۆ خەڵکەکەی جەنگیز کی رایگەیاند، هەر کێ ببێتە موختار، گرنگە هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکان بنێت.
گوندی چنێران سەر بە ناوەندی ئێلیهە و ماوەیەک چۆڵ کرابوو، بە جۆرێک لە ماوەیەکدا تەنیا موختاری پێشوو و خێزانەکەی لەو گوندە دەژیان. بەڵام دواتر لەگەڵ گەڕانەوەی ژمارەیەک ماڵباتی نیشتەجێی ئەڵمانیا، گوندەکە دووبارە ژیایەوە و ژیان دەستیپێکردەوە.
رۆژی 31-3-2024 لە تورکیا 30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان ، 20 هەزار و 745 ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان و هەزار و 272 ئەنجوومەنی گشتیی شارەکان هەڵدەبژێردرێن. هاوکات دەنگدەران 50 هەزار و 229 موختاریش هەڵدەبژێرن.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.