حەوت ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شیفا گەردی تێدەپەڕێت

رووداو دیجیتاڵ 
 
لەنێو سرووشتی جوان و قەدپاڵی چیایەکی دەڤەری بارزان، گوڵ و گوڵزاری سەر گۆڕی شیفای جوانەمەرگ رێکدەخات، ڤینای تەمەن 18 ساڵ لەگەڵ شیفا خەڵکی یەک گوندن؛ هەرچەندە بچووک بووە کە شیفا شەهید بوو، بەڵام لەبیری نەکردووە.
 
هەریەک لە شیفا و ڤینا خەڵکی گوندی بێرۆخن لە قەزای رووبارۆکی پارێزگای جۆلەمێرگ، دوای تێپەڕبوونی حەوت ساڵ بەسەر شەهیدبوونی شیفا، هێشتا ماوە ماوە ڤینا لەگەڵ مامۆستا و ناسیاوەکانی ئەم ناوچەیە، بۆ خوێندنی فاتیحا و ئاودانی گوڵزاری گۆڕەکەی، سەردانی گڵکۆی شیفا گەردی دەکەن. 
 
ڤینا نەزهەت لەسەر گۆڕی شەهید شیفاوە قسە بۆ رووداو دەکات و دەڵێ "زۆر بچووک بووم ئەو کاتەی شیفا گەردیم ناسی. خەڵکی گوند کاتێک کۆمەڵێکیان پێکەوە دادەنیشن و باسی شیفا گەردی دەکەن، بە رۆیشتنی ئەو مرۆڤە زۆر ئازار دەچێژن، چونکە بەڕاستی زیرەک بوو لە بوارەکەی خۆیدا."
 
کامەران ئەحمەد، دانیشتووی گوندی چەمێیە لە قەزای مێرگەسۆر، بەهەمان شێوە لەسەر گڵکۆی شیفا گەردییەوە قسە دەکات و دەڵێ "زۆر جار کە میوانمان دێت لە کەسی بیانی و بێگانە، ئەگەر سەردانی شوێنێک بکەن، هەمیشە گۆڕەکەی شیفا گەردی لە بەرنامەیاندایە و یەک لەو شوێنانەی کە دەیانبەین، گۆڕی شیفا گەردییە."
 
سالم شاکر، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شێروان مەزنە، سەبارەت بە شیفا دەڵێ "لای من کەسێکی وا دووبارە نابێتەوە، چونکە شیفا گەردی بە تەنیا بێژەرێک نەبوو، بەڵکو وەک پێشمەرگەیەکی بێژەر بوو."
 
لە 2012 سیاوەش رووبەڕوو ئاشنای شیفا ببوو، وەک کچێکی پێشکێشکاری لێهاتوو بانگیان کردبوو بۆ پێشکێشکردنی رێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەیەکی ئاو. سیاوەش دەڵێت شیفا دڵخۆش بوو بەم پڕۆژەیە، چونکە بەهۆیەوە ئاو گەیشتە ماڵەکانی 18 گوندی سەر بە شێروان مەزن.  
 
سیاوەش عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی شێروان مەزن دەڵێ "بۆ ئەوەی بنەماڵەکان ناوی شیفا گەردی بە زیندوویی بهێڵنەوە، چەندین خێزان هەن لەم ناوچەیە ناوی منداڵەکانیان کردووەتە شیفا."
 
گەورە و بچووکی ناوچەکە بە شانازییەوە وەسفی شیفا دەکەن. مامۆستا بارزان خەڵکی شێروان مەزنە و بە رووداوی گوت هەر جارێک کە قوتابییەکانیان لە گۆڕەپانی قوتابخانە لە دەوری ئاڵا کۆدەکەنەوە، لەگەڵ باسکردنی نیشتیمان و پێشمەرگە، باسی شەهید شیفا و ئازایەتیی ئەویان بۆ دەکەن. 
 
بارزان شوکری، خەڵکی شێروان مەزن گوتی "شیفا گەردی وەک گوتمان بووە پردێک بۆ کردنەوەی زۆربەی رێگەکان، واتە رێگەخۆشکەرێکی زۆر زۆر گەورە بوو بۆ ئەو نەوانەی لە داهاتوودا پێدەگەن، پشت بەخوا نموونەی زۆر زۆر زیاد دەبێت لە دەڤەرەکەمان."
 
شەهید شیفا گەردی، کچە رۆژنامەڤانێکی بوێر لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە لە ساڵی 2017 لەكاتی تۆماركردنی بەشێكی بەرنامەکەی (فۆکەس موسڵ)، بەهۆی تەقینەوەی مینێكی چێنراوی داعش لەسەر چاڵی خەسفە، كە شوێنی تاوانكارییەكی داعش بوو، گیانی لەدەست دا و لە گۆڕستانی شێروان مەزن بە خاک سپێردرا.