حکومەتی عێراق: یاسای نەوت و گاز دڵنیایی بە هەولێر و بەغدا دەدات
رووداو دیجیتاڵ
پرۆژەیاسای نەوت و گاز گەیشتووەتە قۆناخی ئامادەکردن، پاش گفتوگۆیەکی چڕی نیوان هەولێر و بەغدا.
لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق پێکهێنرا، تاوەکو لە رووی تەکنیکییەوە پێناسەی چەمکەکان بنوسنەوە. واتە دیاریکردنی چۆنیەتی ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی گرێبەستەکان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە.
باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گفتوگۆکان بە ئاراستەیەکی زۆر باش دەڕوات لەنێوان هەردوولا. ئەویش لەسەر راسپاردە و ئەو رێککەوتنەی لە هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کراوە کە هەموو لایەنەکان بەشدارن تێیدا، هەروەها لە بەرنامەی حکومەتیشدا هاتووە، هەرێم بە ئاراستەی بەغدا هەنگاو دەنێت بە شێوەیەکی زۆر باش هەروەها بەغداش هەنگاو بەرەو هەرێمی کوردستان دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەردوولا. یاسای نەوت و گاز زۆر گرنگە، دڵنیایی بەحکومەتی عێراق دەدات و هەروەها دڵنیایی بەهەرێمیش دەدات."
کۆمپانیایەکى هاوبەشى نەوتی هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق دابمەزرێت کە بارەگای سەرەکی لە هەرێمى کوردستان بێت و لەژێر چاودێریی حکومەتى عێراق بۆ دیارکردنی سیاسەتی فرۆشتن نەوت، یان فراوانکردنی کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئەو دوو پێشنیازەن کە یەکەمیان حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویەتی دووەمیش حکومەتی عێراق، بەڵام یەکلایی نەکراوەتەوە.
سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: چەند لایەنێک هەن ناهێڵن نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی سەربەخۆ بفرۆشرێت لەهەمان کاتیشدا دەیانەوێت کۆنترۆڵی ئابووریی هەرێمی کورستان بکەن. حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمە رازی نییە. ئێمە چەند خاڵێکی گشتی و هاوبەشمان هەیە، خۆشبەختانە گەیشتووینەتە ئەنجامێک لەسەر ئەوەی دەبێت عەقڵیەتی فیدراڵی بخرێتە نێو یاسای نەوت و گاز.
بەپێی کارنامەی حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی، لیژنەیەکى یاسایی و دارایی و نەوتی لە هەردوو حکومەتى فیدراڵیی عێراق و هەرێمى کوردستان پێکدەهێندرێت کە چەند ئەرکێکیان دەبێت، لەوانە پێداچوونەوە بە کەرتى نەوت و گازى هەرێمى کوردستان و پەیوەندیی نێوان وەزارەتى نەوتى فیدراڵیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پاکتاوکردنى قۆناخى پێشوو بەگوێرەى دەستوور.