رووداوە سەرنجڕاکیشەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران
رووداو- رۆژهەڵاتی کوردستان
رۆژانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی سەرنجڕاکێش تێپەڕ بوون.
نمایشی هێزی رکابەرەکان لە بۆکان بەرانبەر بە یەکدی. رازاندنەوەی سفرەوخوان لە ورمێ، هەڵمەتی هەڵبژاردن لە تێلێگرام وتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەخشینەوەی پارە لەنێوان خەڵکدا و ناردنی باڵانسی مۆبایل، بەشێکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی کاندیدەکان بۆ بەدەستهێنانی دەنگ لە خەڵکەوە.
بازاڕی هەڵبژاردن لە ئیلام خراپ نیە. لەوێ شتی سەرنجڕاکێش بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکاردێت. ئاخوند، وەرزشوان، جلی کوردی لەبەر و چەک بەدەست بووەتە بەشێکی سەرەکی لە فۆتۆی کاندیدەکان.
لە ئیلام شتی دیکەش هەیە، پڕکردنەوەی باڵانسی مۆبایلی خەڵک، چوار وێنە لە ئۆتۆمبیلەکەت بدە و 80 هەزار تمەن وەرگرە، یان دابەشکردنی برنج و کڕینی پێداویستیی وەرزشی بۆ خەڵک.
شێوازی ریکلامکردنی کاندیدەکان لە جوانڕۆ جیاوازترە. یەکێک لە کاندیدەکان بەبۆنەی رۆژی زمانی دایکییەوە کتێبی بەسەر خەڵکدا دابەشکردووە.
رۆژی هەینی 26-2-2016 هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لەو وڵاتە بەرێوەدەچێت.