ناوەندی کاشەڤانی پولوور لە دێرسیم بۆ پشووی نیوەی ساڵ هەموو بلیتەکانی فرۆشراون
رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ بارینی بەفری زۆر لە باکووری کوردستان، ناوەندە وەرزشی و گەشتیارییەکان دەستیان بە پێشوازی لە گەشتیارانی زستانە کردووە. لە ناوەندی کاشەڤانی شارۆچکەی پولوور لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان لە ئێستاوە گەشتیاران شوێنیان بۆ مانەوە لە پشووی نیوەی ساڵ گرتووە.
فەرهاد ئاڵای، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرزش و لاوانی پولوور دەڵێت، "بۆ پشووی نیوەی ساڵ تەواوی بلیتەکان فرۆشراون و 100%ی شوێنەکانمان گیراون، هەروەها شوێنی کاشەڤانیمان قەرەباڵخە. لە ماوەی پشووی نیوەی ساڵدا پلانمان وایە پێشوازی لە 13 تاوەکو 15 هەزار گەشتیار بکەین".
ئەم ناوەندە ماوەی حەوت ساڵە کراوەتەوە و لەم ماوەیەدا گەشتیارێکی زۆر روویان تێکردووە کە ژمارەیەکی بەرچاویشیان بیانی بوون.
زۆربەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی ئەو ناوچە کەشتیارییە دەکەن لە خارپێت، ئامەد، ئیستەنبووڵ، ئەرزینجان، مەڵەتی و ئیزمیرەوە دەچن. ئەوان دەڵێن، لەڕووی خەرجییەوە ناوەندی کاشەڤانی شارۆچکەی پولوور هەرزانترە، لە کاتێکدا خاوەن هەمان تایبەتمەندیی ناوەندەکانی دیکەیە.
موسلیم بایراک، گەشتیار دەڵێت، "شوێنێکی خۆشە، تاڕاددەیەک بچووک و هەرزانیشە. بەراورد بە ناوەندەکانی دیکە، هەر زۆر هەرزانە. دەتوانین تێیدا چا بخۆینەوە و خواردن بخۆین. لەو خوارەوە خواردنی خۆش هەیە".
یاریزانانی خلیسکێنە کە پێشتر لە ناوەندەکانی دیکەی خلیسکێنە کاتیان بەسەردەبرد، دەڵێن، خلیسکێنە لە بناری چیای مونزوور تام و چێژێکی دیکەی هەیە و گۆڕانکارییەکیشە. عەلی خزر چەلیک، گەشتیار دەڵێت، "لەگەڵ بینینی دیمەنە جوانەکەی چیای مونزوور، خلیسکێنە دەکەین".
بەرپرسانی ناوچە گەشتیارییەکە دەڵێن، هەموو کارێکی پێویستیشیان کردووە بۆئەوەی ئەمساڵ لەو ناوەندەدا پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتیش بەڕێوەبچێت.