فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: هیچ فڕۆکەیەک بە ناوی محەممەد حەلبووسی لەلای ئێمە نییە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵی کڕینی فڕۆکەی تایبەت لەلایەن محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقەوە و راگرتنی لە فڕۆکەخانەی هەولێر رایگەیاند، "هیچ فڕۆکەیەکی هیچ کەسایەتییەکی عێراق لەلای ئێمە نییە و هێشتنەوەی فڕۆکە بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ نییە، بۆیە ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە."
رۆژی هەینی، 23-12-2022، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەبارەی لێدوانی پەرلەمانتارێکی عێراقی کە گوتبووی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوو فڕۆکەی تایبەتی کڕیوە و یەکێکیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر راگیراوە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "فڕۆکەی هیچ کەسایەتییەکی عێراقی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رانەگیراوە و ئەو هەواڵانە رەتدەکەینەوە."
ئەحمەد هۆشیار گوتی: "فڕۆکەخانە بۆ چوون و هاتنی فڕۆکەکانە، ئەگەر فڕۆکەش رابگیرێت زۆر جار بۆ مەبەستی چاککردنەوەیە و بۆ ماوەیەک دەبێت، بەڵام وەکو راگرتنی زۆر درێژخایەن شتی وانییە و ئەوەی باسکراوە گوایە محەممەد حەلبووسی فڕۆکەی تایبەتی لای ئێمە راگرتبێت، راست نییە."
رۆژی پێنجشەممە، 22-12-2022، خالید سەرای، ئەندامی فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو: "محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دوو فڕۆکەی تایبەتی مۆدێلی ساڵی 2022ـی کڕیوە و یەکێکیانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و ئەوی دیکەیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر راگرتووە."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، گوایە ئەو دوو فڕۆکەیە بە پارەی گشتی کڕدراوە و بە "گەندەڵی" کڕیویەتی و داوایکردووە لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکرێت.