جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: پەسندکردنی پرۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ دوای هەڵبژاردن دواخراوە
رووداو دیجیتاڵ
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، پێویستە لەسەر ئاستی باڵا هەوڵ بۆ تێپەڕاندنی یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵ نەدراوە. دەشڵێت، ئەو پرسە بۆ دوای هەڵبژاردنی پارێزگاکان دواخراوە و نازانرێت دوای ئەوەش دەخرێتەوە دەنگدان یاخود نا.
پەرلەمانتارێکی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، "بڕیارە دوای هەڵبژادنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بخرێتەوە دەنگدانەوە."
کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەندامانی پەرلەمانی عێراق داوایان کردبوو نەخشەی پارێزگای هەڵەبجە و سنوورەکەی ببینن، هەرچەندە نەخشەکە لە 9ـی ئاب ئاراستەی ئێمە کرا و لە 31ـی هەمان مانگ وەزارەتی ناوخۆ ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرد و ئەوانیش ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و پەرلەمانی عێراقیان کرد، بەڵام لەبەر ئەوەی هیچ بیانوویەک نەبوو بۆ دواخستنی پرسەکە، بۆیە گوتیان چاوەڕوانن نەخشەکە لە وەزارەتی پلاندانان بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمانی عێراق."
بە گوتەی جێگری پارێزگای هەڵەبجە، بەهۆی هەندێک ململانێی سیاسی نێوان پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە پەسندکردنی یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دواخراوە. دەشڵێت، "فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ سوننەکان و فراکسیۆنی یەکێتی لەگەڵ شیعەکان قسەیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو پرسە لە رووی سیاسییەوە چارەسەر بکرێت، بەڵام کەس ئامادەنەبوو و دانیشتنەکان بەردەوام دوادەخران."
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
کاوە عەلی دەڵێت، "تێپەڕاندنی یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە پێویستی بەوەیە لەسەر ئاستی باڵا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هەوڵ نەدراوە."
جێگری پارێزگای هەڵەبجە دەڵێت، پێشبینی ناکەن پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش یەکلابکرێتەوە و دەڵێت، "ئەوەی بەڵێنی دا دوای هەڵبژاردن پرسەکە بخرێتە دەنگدانەوە محەممەد حەلبووسی بوو، ئێستا ئەویش نەماوە، بۆیە نازانین کێ جێگرەوەی ئەوە و ئایا لەگەڵ پرسەکە دەبێت یاخود نا."
بە گوتەی موسەنا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بڕیارە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان پرۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتەوە دەنگدان و دەڵێت، "تەنیا خوێندنەوەی دووەمی ماوە و هیچ گرفتێکیش لە نەخشەکەی نییە، دواخستنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەیوەندی بە نەخشەوە نەبوو، پەیوەندی بەوە بوو شیعە و سوننە داوای بەپارێزگاکردنی شوێنی دیکەیان کردبوو، بەڵام نەخشە کرا بە بیانوو."
بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە 10 ساڵ زیاترە لە هەرێمی کوردستانەوە کاری بۆ دەکرێت، بەڵام هەر جارە و بە هۆکارێک لە بەغدا شکست بە هەوڵەکە دەهێندرێت. ئەم ساڵ مانگی ئەیلوول لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی نێوان فراکسیۆنە شیعە و سوونەکان پرسەکە دواخرا.
مەرجی شیعەکان بۆ دەنگدان بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بە پارێزگاکردنی تەلەعفەرە، بەو جۆرەش تەلەعفەر دەبێتە پارێزگایەکی زۆرینە شیعە، لە بەرامبەر پارێزگای نەینەوا، لەهەمان کاتدا سوننەکانیش دەیانەوێت فەلووجە بکەنە پارێزگا.
موسەنا ئەمین، ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "حەلبووسی داوای کرد پرسەکە بۆ دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوابخرێت بۆ ئەوەی ئەو پرسە نەبێتە ریکلام بۆ هیچ لایەنێک و بەڵێندرا دوای هەڵبژاردنەکان پرسەکە دووبارە بخرێتەوە دەنگدانەوە و لایەنەکان پشتگیری دەکەن."
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2013، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ئەوکاتیش ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.