محەممەدی حاجی مەحموود: عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەران نانێرێت
رووداو دیجیتاڵ
محەممەدی حاجی مەحموود لەبارەی ناردنی مووچە راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە دەڵێت، بەغدا راستەوخۆ مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت. دەشڵێت، دەبێت پێش ئەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێت هەولێر رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بکات.
رۆژی 14-11-2023، نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی پێدانی راستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، وەڵامی نووسراوێکی فەرمیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی دایەوە کە لە 02-10-2023دا ئاراستەی کراوە. سوودانی لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا دەڵێت، لاری نییە لە پێشنیازەکانی ئەو نووسراوە.
محەممەدی حاجی مەحموود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سالار مەحموود، وەک بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی لە کەلار بەشدار بوو، لە وەڵامی پرسیاری هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە رایگەیاند: "بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، ئەوە پێویستی بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە و دەبێت داتای مووچەخۆران کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 200 هەزارە بۆ عێراق بنێردرێت و پێموانییە بەغدا مووچە راستەوخۆ بنێرێت".
محەممەدی حاجی مەحموود، گوتیشی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا تەنیا پرسی نەوتی بەدەستەوە ماوە کە حکومەتی عێراق و تورکیا رێککەوتن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکە، نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگە بدات ئەو نەوتە هەناردە بکرێتەوە تاوەکو رێککەوتن نەکرێت لەسەر ناردنی هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەدا مامۆستایان سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و مافی خۆیانە داوای مافەکانیان بکەن، بەڵام لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق مووچە دابەشکراوە و گرفت نییە، رەنگە ئەوان هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە عێراقی نەزانن.
هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە 920 بۆ 940 ملیار دینارە بۆ مووچە، پێشتر لە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 ملیار دینار بۆ مووچە تەرخان دەکرا، بەڵام لەدوای راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دادگەی نێوبژیوانی پاریس لە 25ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان راگیراوە و بۆ دابەشکردنی مووچە، پشت بە داهاتی نێوخۆ و ئەو پارەیە دەبەسترێت کە عێراق رەوانەی هەرێمی کوردستانی دەکات.
حکومەتی عێراق بڕیاریدا بۆ تەواوی ئەم ساڵ سێ قەرزی 700 ملیاری بۆ مانگەکانی 10، 11، 12 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب خەرجیکردووە، هێشتا دوایین 700 ملیار دینار نەگەیشتووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول.