گوتەبێژی دەستەی ژینگە: هەر موەلیدەیەک دار لە دەوروبەری نەچێندرابێت، خاوەنەکەی سزا دەدرێت
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەستەی ژینگە رایگەیاند، لە رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2023 بە دیاریکراوی سزا بۆ هەموو هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە دیاریکراوە و بەش بەش بڵاودەکرێتەوە. بەگوێرەی سزاکان زۆرترین سزای موەلیدە لە ئەگەری پیسبوونی ژینگە یەک ملیۆن و کەمترینی 300 هەزار دینارە.
بەپێی رێنمایی ژمارە 2ـی ساڵی 2023 بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان کە لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە دەرچووە و بڵاوکراوەتەوە، سزای موەلیدەی گەڕەکەکان لەکاتی هەبوونی سەرپێچی ژینگەیی بەمشێوەیە دەبێت؛
نەبوونی سەوزایی: 300 هەزار تاوەکو 500 هەزار دینار
ژاوەژاو: 500 هەزار دینار
دووکەڵکردن: یەک ملیۆن تاوەکو یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار
کۆنکرێت نەکردنی زەوییەکەی: 500 هەزار دینار
دیوارنەکردن: یەک ملیۆن دینار
پیسبوونی دەوروبەری موەلیدە بە گازوایل و رۆن: 500 هەزار بۆ یەک ملیۆن دینار
رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023 عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دەستەی ژینگە یاخود وەزارەت دەتوانن بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان رێنمایی دەربکەن ئەو رێنماییانەی ئێستا بڵاوی دەکەینەوە ئەم ساڵ دەرکراوە و سزا بۆ سەرپیچییەکان دانراوە، بەڵام رۆژانە بەش بەش بڵاویدەکەینەوە."
گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتی: "کارکردنی دەستە بەپێی یاسای ژمارە 8ـی ساڵی 2008ـە یاساکە نزیکەی 46 مادەیە زۆربەی ئەو مادانە بۆ ئەوەی ئاسانتر جێبەجێ بکرێت پێویستیان بە دەرکردنی رێنماییە، بە نموونە مادەی 42 لە یاساکە بریتیییە لە سزادان و دەڵێت، دەستەی ژینگە بۆی هەیە هەر پڕۆژەیەک کە پیسکەرە سزای بدات، بەڵام وردەکاری تێدا نییە، رێنماییەکانیش بۆ خستنەڕووی وردەکاری ئەو سزایانەیە."
بەگوتەی عەبدولڕەزاق خەیلانی، بەگشتی زۆرترین سزا، کە لە رێنماییەکان دانرابێت 10 ملیۆن دینارە و کەمترینی دەورووبەری 300 هەزار دینارە. لەبارەی سزای سەرپێچی موەلیدەکان دەشڵێت: "هەر موەلیدەیەک بەگوێرەی پیسبوونی ژینگە سزادەدەرێت، بە نموونە ئەگەر دوو بڕگەی جێبەجێ نەکردبێت ئەوە کۆی دەکەینەوە و دوو سزای دەدەین."
لەبارەی هۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە، گوتەبێژی دەستەکە گوتی: "هەموو پڕۆژە پیشەسازی و نەوتییەکان، موەلیدەکان و ئۆتۆمبێلەکان هەموو ئەوانە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە، بەڵام ئەو پڕۆژانەی کە مۆڵەتیان پێدەدەین دواتر بەدواداچوونی بۆ دەکەین بە نموونە هۆکارێکی دیکە گەڕەکەکانی نیشتەجێبوونە، کە ئەگەر سەوزی نەکردبوو، دەبێت بیکات."
لەبارەی رێژەی سەوزایی لە پڕۆژەکان عەبدولڕەزاق خەیلانی گوتی، "لە هەموو پڕۆژەکان دەبێت رێژەیەک سەوزایی هەبێت بە نموونە پڕۆژەی گەورەکان دەبێت 25٪ـی سەوزایی بێت ئەگەر پڕۆژەی بچووک بوو وەکو موەلیدە دەبێت لە دەورووبەری موەلیدە بەگوێرەی رووبەری شوێنەکە دار بچێنرێت، هەندێک موەلیدە هەیە نەیکردووە کەواتە دەبێت ئاگادار بکرێتەوە و ئەگەر پابەند نەبوو سزا دەدەرێت."
گوتەبێژی دەستەی ژینگە گوتیشی: "تیمەکانی هۆشیاریمان هەیە کە سەردانی ناوەندەکانی خوێندن دەکەن و هۆشیاری بڵاودەکەنەوە، بەگوێرەی تێبینییەکانی لیژنەکان هۆشیاری گەنج بۆ پاککراگرتنی ژینگە باشە و وەڵامدانەوەیەک لەلایەن قوتابیان و مامۆستایان هەن."