سەعدی پیرە: لەگەڵ پارتی رێککەوتنمان زۆرە، گرفت لە پابەند نەبوونە بە رێککەوتنەکانەوە

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی بەردەوامە؛ دەشڵێت، "پشتگیری هەموو هەوڵێک دەکەن بۆ ناردن و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە هونەر حەمید پەیامنێری رووداوی گوت، "گفتوگۆکانمان لەگەڵ پارتی بەردەوامە و لە کۆبوونەوەی پێشوودا رێککەوتین کە ئەو نیگەرانییانەی هەن پۆلێن بکرێن لەلایەن شارەزایانی بواری ئەمنی، سەربازی و ئیداری و بە تەواوبوونی ئەوە ئێمە ئامادەین و کۆدەبینەوە."
 
گوتەبێژی یەکێتی، باسی لەوەش کرد، "ئێمە لەگەڵ پارتی رێککەوتنمان زۆرە و گرفت لە نێوەڕۆکی رێککەوتنەکان نییە، بەڵکو گرفت لە پابەندنەبوونە بە رێککەوتنەکانەوە"، جەختی لەوەش کردەوە، "رێککەوتننامەکان جێبەجێبکرێن و پابەندبین پێیانەوە، ئەو رێککەوتننامانە هەر کەموکوڕییەکی هەیە چارەسەر بکرێت."
 
سەعدی پیرە، دەشڵێت، "ئێمە پشتگیری هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ ئەوەی فەرمانبەران و خانەنشینان مووچەکانیان وەربگرن، کاری پیرۆز لای ئێمە دابەشکردنی مووچەیە، ئەو پارەیەی بڕیارە دابەشبکرێت موڵکی کەس نییە بەڵکو موڵکی عێراقە و هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە عێراق، تەنیا دەمێنێتەوە سەر ئەو میکانیزمەی کە دابەشدەکرێت." 
 
"سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان و مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان"
 
گوتەبێژی یەکێتی لەبارەی مەترسییەکانی سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان گوتی، "دابەشکردنی مووچە لەلایەن بەغداوە مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروست ناکات، بەڵکو ناکۆکییە نێوخۆییەکان مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستدەکات."
 
لەبارەی سەردانی لایەنەکان و گۆڕانکارییەکانی نێوخۆی یەکێتی، سەعدی پیرە باسی لەوەکرد، "گۆڕانکارییە نێوخۆییەکانی یەکێتی لەو جێگایانەی دیکەش کە ماون دەکرێت و گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبێت، هەروەها سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین و ئێستا سەرقاڵی دانانی وادەی سەردانەکانین."
 
رۆژی سێشەممە 07-11-2023 شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان سەردانی پیرمامی کرد و لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە؛ ئەوەش یەکەم کۆبوونەوەی دوو حیزبەکە بوو لە چوار مانگی رابردوودا.