دادگەی باڵای تورکیا داوای گۆڕینی کورتکراوەی ناوی هەدەپ دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای تورکیا لە نووسراوێکدا کە بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-هەدەپ رەوانەی کردووە، ئاماژەی بەوەداوە کە ناوی HEDEP بەهۆی لێکچوونی لەگەڵ 'HADEP' ناتوانرێت بەکاربهێنرێت و داوای کردووە کە کورتکراوەکەی بگۆڕدرێت.
دادگای باڵا ئاماژەی بەوەدا کە هیچ کێشەیەک لە ناوی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلاندا نییە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە کورتکراوەی HEDEP هاوشێوەی هادەپە کە پێشتر داخراوە. لەو نامەیەدا کە بۆ حیزبەکەی ناردووە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم لێکچوونە دژی یاسای حیزبە سیاسییەکانە، بۆیە پێویستە کورتکراوەی HEDEP بگۆڕدرێت.
بە گوتەی کارگێڕانی هەدەپ، بنەمای ئەو بڕیارەی دادگەی باڵای تورکیا بەهێز نییە، بەڵام بژارەی گۆڕینی کورتکراوەی HEDEP یان بەردەوامبوون بە هەمان کورتکراوە، هێشتا لەسەر مێزە.
بڕیاری کۆتایی لەبارەی گۆڕینی کورتکراوەی ناوی هەدەپ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ پارێزەران دەدرێت.
عایشەگول دۆغان گوتەبێژی هەدەپ، رۆژی هەینی 24ـی تشرینی دووەمی 2023 لێدوان دەدات سەبارەت بەوەی چ هەنگاوێک دەگرنەبەر.
پارتی دیموکراسی گەل-هادەپ پارتێکی سیاسی باکووری کوردستانە کە لە 11ـی ئایاری 1994 دامەزرا. لە 13ی ئاداری 2003 لەلایەن دادگەی دەستووری تورکیا بە بیانووی "چالاکی نایاسایی" داخرا. 46 ئەندامی هادەپ و لە نێویاندا موراد بۆزلاک سەرۆکی هادەپ و 45 ئەندامی ئەو پارتە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە سیاسەت قەدەخە کران.