ئەنجوومەنی پەروەردەی سلێمانی داوا لە مامۆستایان دەکات دەست بە دەوام بکەنەوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا لە مامۆستایانی سنوورەکەی دەکات، لە رۆژی دووشەممە، 27-11-2023وە دەست بە دەوام بکەنەوە.
ئەو ئەنجوومەنە دەشڵێت، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی نزیکدا داواکارییەکانی مامۆستایان، وانەبێژان و فەرمانبەران قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ بکات.
لەلایەکی دیکە، نوێنەرێکی وانەبێژان و مامۆستایانی ناڕازیی دەڵێت، سوورن لەسەر بایکۆت.
رۆژی پێنجشەممە 23-11-2023 ئەنجوومەنی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی راگەیێندراوێکی لەبارەی بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە پەرۆشیمان و هەستکردن بە مەترسی بەردەوامبوونی زیاتری ئەم دۆخە داوا دەکەین سەرباری سەختی و قورسی بارودۆخ بە گشتی و بەتایبەتی سەختی باروگوزەرانی مامۆستایان، بۆ ئەمجارەش هەمووان پێکەوە شان بدەینەوە بەر بەرپرسیارێتیمان و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەینەوە."
ئەنجوومەنی بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی داوا دەکات قوتابیان و خوێندکاران لەوە زیاتر خوێندنیان نەفەوتێت و لەوە زیاتر چارەنووسی قوتابیان و خوێندکاران نادیار نەبێت، "هەر لەم سونگەیەوە داوا لە مامۆستایانی ئازیزی میلاک و وانەبێژ دەکەین کە لە رۆژی دووشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2023 رووبکەنەوە ناوەندەکانی خوێندن."
لە راگەیێندراوەکەدا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "ئێمەش بەردەوام دەبین لە پشتگیری داوا و داخوازیتان کە داوا و داخوازی هەموو لایەکمانە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بارودۆخەکە لەبەرچاوبگرێت و لەماوەی نزیک و زوودا داواکارییەکانی مامۆستایان و وانەبێژان و فەرمانبەران قۆناخ بە قۆناخ جێبەجێ بکات."
ئاوات ئازاد، نوێنەرێکی مامۆستایانی نارەزایی (میلاک) لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ بڕیارێک نییە بگەڕێینەوە ناوەندەکانی خوێندن لەبەرئەوەی هیچ یەکێک لە داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکراوە، بۆیە تاوەکو جێبەجێکردنی داواکارییەکان ناگەڕێینەوە و لەم رۆژانەدا هەڵوێستی ئاییندە رادەگەیەنین."
بەگوتەی ئاوات ئازاد، وەڵامی ئەوان لەسەر شەقامە و دەڵێت، "دەمانەوێت ئەم ساڵ دوایین ساڵی بایکۆت بێت و نامانەوێت ساڵی داهاتووش بەهۆی داواکارییەکانمان دووبارە بایکۆت بکەین، بڕیاریشە خۆپیشاندان ببەینە گۆڕەپانی تەحریر بۆ ئەوەی چیتر یاری بە مووچە، قووت و ژیانی هاووڵاتی نەکرێت لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و دەبێت کێشەکە لە ریشەوە چارەسەربکرێت."
لەبارەی گەڕانەوەی وانەبێژان بۆ ناوەندەکانی خوێندن، کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سێشەممەی رابردوو لە سلێمانی کۆبووینەوە بە کۆی دەنگ بڕیاردرا بایکۆتی پڕۆسەی خوێندن بەردەوامی پێ بدەین، ماف و چارەنووسی قوتابیانیشمان لەبەرچاوگرت، بەڵام ئەوە 10 ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان ستەممان لێ دەکات، تەنیا چوار ملیار دیناری دیکە دەتوانێت کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ چارەسەر بکات."
بە گوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، بۆ ئەوەی هەموو مامۆستایانی وانەبێژ بکرێنە گرێبەست، حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە چوار ملیار دینارە و دەشڵێت، "بایکۆت بەردەوامە تاوەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان داهاتی ناوخۆ دەخاتە خزمەتی پڕۆسەی خوێندن، بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەگەر حکومەت بە نووسراو وەڵاممان بداتەوە کە وانەبێژان دەکرێنە گرێبەست ئەوە راستەوخۆ دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن."
بڕیارە رۆژی یەکشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2023، وانەبێژان ناڕەزاییەکانیان ببەنە بەغدا. کارۆخ عەبدولڵا دەڵێت، "ناڕەزاییەکان وەکو گوشاری مەدەنی دەبەینە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا و ئێستا سەرقاڵی رێکخستنی پاس و رۆشتنین بۆ بەغدا."
13ـی ئەیلوول خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد؛ لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ دەرگەی قوتابخانەکان کراوەیە، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیە قوتابخانەکان نەکراونەتەوە و تاوەکو ئەمڕۆش بایکۆتی وانەبێژان و مامۆستایانی دامەزراو بەردەوامە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە، خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابییان، دەوامیان نەکردووە.