هێزە ئەمنییەکان لە نەغەدە 60 گەنج و مێرمنداڵی کورد دەستبەسەر دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە نەغەدە، گەنج و مێرمنداڵانی کورد دەستبەسەر دەکەن و بۆ شوێنی نادیار دەیانگوازنەوە.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شاری نەغەدەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، لە سێ رۆژی رابردوودا زیاتر لە 60 گەنج و مێرمنداڵی کورد لەو شارە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.
 
بەپێی زانیارییەکان، کەسانێکی سەر بە حکومەت و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە جلوبەرگی کوردی چوونەتە نێو خۆپێشاندەران و ژمارەیەک لەوانەیان ناسیوەتەوە کە لە ناڕەزاییەکانی ئەو شارەدا بەشداربوون و دواتر شوێنی نیشتەجێبوونیان دەستنیشانکراوە و دەستبەسەرکراون، بەڵام کەسانێکیش دەستبەسەر دەکرێن کە لە خۆپێشانداندا بەشدار نەبوون.
 
بەگوتەی هاونیشتمانییان لە نەغەدە، هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی مەدەنی لەنێوشار و گەڕەکەکان دەوەستن و گەنجانی کورد کە شەوانە لە دەرەوە بن، دەستبەسەر دەکەن.