فەرمانگەی هەڵبژاردنی عێراق بۆ رووداو: ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیدەکاتەوە ساختەکاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرابێت و بە رووداوی گوت، "هەر کەسێک بانگەشەی ساختەکاری دەکات، دەبێ بیسەلمێنێت".  

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی تشرینی یەکەمی 2024، عامر موسا حوسەینی، سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی سەرپەرشتیی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی رووداو بوو. 
 
عامر موسا بە رووداوی راگەیاند، "ئەو بانگەشەیەی گوایە ساختەکاری کراوە و دەنگ گۆڕدراوە، دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی راستی نییە. هەر کەسێک ئەو بانگەشەیە دەکات، دەبێ بیسەلمێنێت. هەڵبژاردنەکە بەوپەڕی شەفافییەت و بێلایەنی کرا و بە باشترین تەکنۆلۆژیای هەڵبژاردن لە رێگەی کارتی بایۆمەترییەوە کرا. تۆماری دەنگەکانیش ئەلیکترۆنی بوون و کەس نەیتوانی لەبری کەسی دیکە دەنگ بدات. ئەوە جگە لە داتاکانی وەک ناوی سیانی کە ئەوانیش بەسەر وێستگەکاندا دابەشکرابوون و کەس نەیتوانی لە وێستگەیەک دەنگ بدات ناوی تێدا نەبێت". 
 
عامر موسا گوتی، پێش دەستپێکردنی دەنگدان، بەڕێوەبەری هەر وێستگەیەک سندووقی دەنگدانی پیشانی بریکاری لایەنە سیاسییەکان دەدا و دوای کاژێر 12:00ش ئامێرەکە راپۆرتی نیوەی رۆژی بڵاوکردەوە و تێیدا ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگیاندابوو بڵاوکردەوە. هەمان شت لە کۆتایی پڕۆسەی دەنگدانیش هەبوو. دوای کردنەوەی سندووقەکان، جیاکردنەوەی دەنگەکان بەدەست دەکرا بۆ ئەوەی بزانرێت تاوەکو چەند لەگەڵ زانیارییەکانی ئامێرەکە یەکدەگرێتەوە. بۆیە پرسیار دەکەم؛ لە کوێ ساختەکاری کراوە؟" 
 
لەبارەی تۆمەتی گۆڕینی مۆری دەنگدەر، سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن گوتی، "بەهیچ شێوەیەک ناکرێت، چونکە کاخەزەکە بە مۆرێکی تایبەت دەکرێت؛ هەروەها مۆری کۆمسیۆنیشی لەسەرە کە دەناسرێتەوە. کاتێک کاخەزەکە دەخرێتە نێو سندووقەکە، ئامێری سەر سندووقەکە سکانی دەکات و ئەوەش لە ئامێرەکەدا تۆمار دەکرێت. هەر کاتێکیش کاخەزەکە چووە نێو سندووقەکە، ئامێرەکە وێنەی کاخەزەکە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەدات کە چووەتە نێو سندووقەکە. بۆیە ناکرێت بانگەشەی ئەوە بکەیت کەسێک مۆرەکەی سڕیوەتەوە. جگە لەوەش، وێنەی گیراو و تۆمارکراوەکە لەنێو ئامێرەکەدا دەمێنێتەوە. ئامێرەکە تایبەتمەندی تۆمارکردنی وێنەی کاخەزەکەی هەیە". 
 
عامر موسا گوتی، بانگەشەی ساختەکاری هەوڵێکە بۆ شێواندنی راستییەکان و رایگەیاند، "ئەمە هەوڵی شێواندنی پرۆسەی هەڵبژاردنە. داوایان لێدەکەم سکاڵا تۆمار بکەن تاوەکو گومانیان لەکامە وێستگە هەیە با سندووقەکانیان بکرێنەوە بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لە دروستی هەڵبژاردنەکە". 
 
سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتیشی، "ئەم سیستمە یەکەم جارە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەکاردێت، بەڵام پێشتر لە هەڵبژاردنەکانی فیدراڵیدا بەکارهاتووە و دوایینجاریش پار لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەکارهات. پێشتریش لە ساڵەکانی 2018 و 2021ـی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەکارهات. بۆ هەر هەڵبژاردنێک ئەپدەیتی بەرنامەکانی کراوە. سیستمەکە ئەپدیت کراوە و پێشخراوە. لەگەڵ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیش رێککەوتین کە ئەرکی پشکنین و پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و بەدواداچوونی کارکردنی ئامێرەکانە. کۆمپانیاکە تایبەتە بە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە رووی ئەلیکترۆنییەوە. ئێمەش بە پشتبەستن بە زانیارییەکان، بەرنامەکە پێش دەخەین و رێکارەکانی تووندتر دەکەین".   
 
دەنگدانی تایبەت رۆژی 18ی مانگ و دەنگدانی گشتیش رۆژی 20ی مانگ بەڕێوەچوو و رۆژی 21ی مانگیش ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکە راگەیێندرا.