کۆمیسیۆن: تەنیا دەستەی دادوەری دەتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن هەڵبوەشێنێتەوە


هەولێر دیجیتاڵ

سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "تەنیا دەستەی دادوەری دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەیە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-10-2024، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی گوت: "سبەی یان دووسبەی ئەنجامی کۆتایی رادەگەیێنین، کە ئەنجامەکانمان راگەیاند، سێ رۆژ لەبەردەم حیزب و لایەنەکاندا هەیە کە تانە لە ئەنجامەکە بدەن. ئەوکات دەستەی دادوەری (سێ دادوەرن) بڕیاری لەبارەوە دەدەن."
 
نەبەرد عومەر زیاتر روونیکردەوە، "ئەگەر دەستەی دادوەران واژۆ بکەن، ئەوە ئەنجامەکان قبووڵ دەکرێ و 100٪ هەڵبژاردنەکە سەرکەوتوو بووە و  بە هیچ شێوەیەک هەڵناوەشێتەوە، بەڵام ئەگەر واژۆی نەکەن رێکاری دیکە دەگیرێتەبەر."
 
رۆژانی 18 و 20ـی ئەم مانگە، دەنگدانی تایبەت و گشتی بۆ هەڵبژاردنی 100 ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. 
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەبارەی ئەو بەڵگانەی کە چەند لایەنێک بانگەشەی بۆ دەکەن و دەڵێن ساختەکاری کراوە، دەڵێت، "دەتوانن بەڵگەکانمان بۆ بێنن بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکەین، بەڵام من لە سێ رۆژی داهاتوودا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دەکەم و وەڵامی هەموو پرسیارەکانیان دەدەمەوە. ئەگەر شتێکیان دۆزییەوە با ئیشی لەسەر بکەن و سکاڵای خۆیان تۆمار بکەن."
 
دوێنێ کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بەرەی گەل و رەوتی هەڵوێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە سلێمانی ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، "بەڵگەی زۆر و بەهێزمان هەیە کە پێشێلکاری و ساختەکردن هەبووە و دەنگە راستەقینەکانمان وەرنەگرتووەتەوە".
 
لەبارەی ئامێرەکانەوە، هەندێک حیزب و بەربژێری سەربەخۆ پاگەندەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە دەستکاریی دەنگی دەنگدەران دەکات و دەنگەکان بەرنامەڕێژکراون. نەبەرد عومەر لەو بارەوە ئاماژەی بەوەدا: "ئەو ئامێرانەی دەنگدان، نوێ نین و هەمان ئەو ئامێرانەن کە لە هەڵبژاردنی 2021 و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش بەکارهاتوون و هەمووشیان قبووڵیان کرد. بۆچی لەوێ ئەو کێشەیە نەبوو، لێرە دروست بوو؟"
 
ئەوانەی ئەنجامی هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، لیستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان 7 کورسی، رەوتی هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 3 کورسی و بەرەی گەل 2 کورسی.
 
لە وەڵامی پرسیاری ئایا چەند لایەن کۆدەنگییەک دروست بکەن دەتوانن هەڵبژاردن هەڵبوەشێننەوە؟ نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەدا، "ناتوانن، تەنیا دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن و دەستەی دادوەری بڕیاری لەسەر دەدات. ئەو شتانەی باس دەکرێن کە ئەو شاشەیە دەنگەکە دەگوازێتەوە؛ یان بە پلەیەکی گەرمی دیاریکراو دەیسڕێتەوە، راست نییە، چونکە لەم وڵاتە و ئەو هەموو پاڵەپەستۆیە لەسەر ئامێرەکان هەبووە، چۆن ئەمە جێبەجێ دەکرێت و لە لۆجیک زۆر دوورە. کاتی خۆی هەڵبژاردن بەدەست جیادەکراوە، خەڵک هەر گلەیی هەبوو و پاساویان دەهێنایەوە."