یەکێتی مامۆستایان یاداشتێک ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لەبارەی بایکۆتی مامۆستایانی هەمیشەیی و وانەبێژانەوە یاداشتێکی چوار خاڵی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات. نوێنەرێکی وانەبێژانیش دەڵێت، "لە بایکۆتکردنی هۆڵەکانی خوێندن بەردەوامین."
 
رۆژی دووشەممە (23-10-2023) ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ یەکێتی مامۆستایان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و بڕیاریدا، ئەمڕۆ یاداشتێکی چوار خاڵی لەبارەی بایکۆتی مامۆستایان و وانەبێژان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات. 
 
لەبارەی چوار خاڵەکەوە ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت، "داوا دەکەین بە زووترین کات مووچەی مانگی هەشت دابەش بکرێت؛ پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە؛ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ریزبەندی پێشەوەی لیستی مووچە دابنرێن و وانەبێژان بە دامەزراندن بێت یان گرێبەست، داواکارییەکەیان چارەسەر بکرێت".
 
هاوکات کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی و قوتابخانەکان بە زمانێکی نەرم داوا دەکەن مامۆستایان و وانەبێژان بگەڕێنەوە ناوەندەکانی خوێندن، بەڵام ئەوان هێشتا سوورن لەسەر بایکۆتکردن.
 
بەگوتەی کارۆخ عەبدوڵڵا، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن، مامۆستایان ناگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن و دەشڵێت، "رۆژی چوارشەممە لە سنووری هەشت پەروەردە، خۆپیشاندان دەکرێت."
 
13ـی ئەیلوول، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە دەرگەی قوتابخانەکان بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە بە داخراوی ماوەتەوە. وانەبێژان داوای گرێبەست و بەشێکیشیان بوون هەمیشەیی دەکەن و مامۆستایانی هەمیشەیی و فەرمانبەرانیش داوای مووچەی مانگەکانی هەشت، نۆ و 10 دەکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی کۆی قوتابیان، دەوامیان نەکردووە.