لە باکووری کوردستان و تورکیا چوار کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی پەکەکە دەستگیرکران

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەکانی تورکیا کە ناوەندەکەی پارێزگای قەرس ـی باکووری کوردستانە و لە 12 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو، چوار کەس بە تۆمەتی ئەندامبوون و پاڵپشتیکردن لە پەکەکە دەستبەسەرکران. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، دووشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی قەرس، فەرمانی گرتنی بۆ 29 کەس دەرکردووە، لە پارێزگاکانی قەرس، مووش، جۆلەمێرگ، ئەرزەڕۆم، دیلۆک، بەدلیس، شرنەخ و مێردین ـی باکووری کوردستان و پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، ئیزمیر، بورسا و کۆجائەلی تورکیا ئۆپەراسیۆنیان کرد.
 
ئێستا ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دەستبەسەرکردنی 25 کەسی دیکە بەردەوامە، کە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرکراوە.
 
دوای هێرشەکەی رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، بۆ سەر بەرێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ئەنقەرە کە پەکەکە لە ئەستۆی گرت، لە ناوخۆی تورکیا چەندین کەس بە تۆمەتی ئەندامێتی و لایەنگری بۆ پەکەکە دەستگیرکراون، کە زۆربەیان ئەندام و لایەنگری هەدەپەن.