سەرۆکی بەرەی تورکمانی بۆ رووداو: کورد ناتوانێت ماددەی 140 وەکو خۆی جێبەجێ بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، کورد ناتوانێت ماددەی 140ی دەستووری عێراق وەکو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە جێبەجێ بکات؛ دەشڵێت، "ئێستا نۆرەی تورکمانە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت." ئەو پێیوایە، هیچ پێکهاتەیەک بە تەنیا ناتوانێت کەرکووک بەڕێوەببات و بڕیار لە چارەنووسی پارێزگاکە بدات.
 
رۆژی یەکشەممە 23-10-2022، حەسەن تۆران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق سەبارەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان لە عێراق، لەنێویاندا ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە ئەنمار غازی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ماددەی 140 پێویستی بە سازانی سیاسییە. کورد ناتوانێت ماددەکە وەکو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە جێبەجێ بکات، چونکە تەنانەت نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە راپۆرتەکەیدا کە لە ساڵی 2018 بڵاویکردەوە، داوای سازانی سیاسیی کرد پێش جێبەجێکردنی ماددەکە."
 
لەبارەی هەڵوێستی تورکمان و لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق ئەوەی خستەڕوو، "تورکمان هەڵوێستی روونە و دەبێت سازانی سیاسی لەنێوان تورکمان و کورد و عەرەب لە پارێزگای کەرکووک هەبێت لەبارەی بەڕێوەبردنی پارێزگاکە، دۆسیەی ئەمنی، ئاییندەی پارێزگاکە. ئەوکات دەتوانرێت لەسەر شێوازێک رێککەوتن بکرێت و بە سازان لەگەڵ هەموواندا جێبەجێ بکرێت."
 
حەسەن تۆرانی پێیوایە، "سەپاندنی ویست لەلایەن هەر پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانەوە سەردەمی بەسەرچووە. یەک پێکهاتەش بە تەنیا ناتوانێت پارێزگاکە بەڕێوەببات و بڕیار لەبارەی چارەنووسی پارێزگای کەرکووکەوە بدات."
 
لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی پەیامنێری رووداو لەبارەی دۆخی ئەمنیی کەرکووک، سەرۆکی بەرەی تورکمانی بە "نایاب" ناویهێنا و داواکاریی تورکمانەکانیشی ئاشکرا کرد و گوتی، "پێموایە دۆسیەی ئەمنی ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی لەلایەن ناوەندەوە سەرپەرشتی دەکرێت، نایابە؛ پێویستە بەڕێوەبردنی کەرکووک بدرێتە پێکهاتەی تورکمان. پێکهاتەی کورد دەرفەتی خۆی وەرگرت و پێکهاتەی عەرەبیش دەرفەتی خۆی وەرگرت. ئێستا نۆرەی رۆڵی تورکمانە بۆئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی پێ بدرێت."