لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی سنە-دیواندەرە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا


رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سنە-دیواندەرە روویدا و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بریندار بوو.
 
رووداوەکە لە نزیک سێڕێیانی گوندی سەراو قامیشی سنە بووە کە دەکەوێتە ناوچەی سارال و 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی شاری سنەوە دوورە.
 
عیسا گەوهەری، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند، "کاژێر 06:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پەیکان و سایپا لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی سنە-دیواندەرە و لە نزیک سێرێیانی گوندی سەراو قامیش پێکیانداداوە و لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلی جۆری پەیکان گڕی گرتووە."
 
بە گوتەی عیسا گەوهەری، "لە رووداوەکەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە کە هەموویان سەرنشینی ئۆتۆمبێلە پەیکانەکەن و کەسێکیش بریندار بووە."
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای سنە دەڵێت، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان شۆفێری ئۆتۆمبێلی جۆری سایپا خەوی لێکەوتووە، بۆیە ئۆتۆمبێلەکە لە رێڕەوی خۆی دەرچووە و خۆی بە ئۆتۆمبێلەکەی دیکەدا کێشاوە.