زانکۆی هەولێری پزیشکی بڕیاری یەکپۆشیی 100%ـی بۆ ساڵی نوێ خوێندن راگەیاند


رووداو دیجیتاڵ 

زانکۆی هەولێری پزیشکی، وەکو یەکەم زانکۆ لە هەرێمی کوردستان بڕیاری یەکپۆشی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 راگەیاند. زانکۆی سەلاحەدین هەفتەی داهاتوو لەوبارەوە بڕیار دەدات. زانکۆی سلێمانی، هەڵەبجە و دهۆکیش لەگەڵ سیستمی یەکپۆشیدا نین. 
 
رۆژی چوارشەممە 23-08-2023، د. کاروان محەممەد، یاریدەری سەرۆکی زانکۆی هەولێری پزیشکی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زانکۆی هەولێری پزیشکی لە پێنج بەشی پزیشکی پێکهاتووە، کە لە دوو ساڵی رابردووش بابەتی یەکپۆشی پەیڕەو دەکرد، بەڵام هەر پێنج بەشەکە ئاگادارکرابوونەوە کە بەگوێرەی بەشەکان بە خۆیان رەنگ دیاری بکەن، کە ئەو دوو ساڵە زیاتر لە 50٪ـی خوێندکاران پابەند بوون، بەڵام ئەمساڵ دەمانەوێت بابەتەکە گشتگیربکەین و دوای راوێژ لەگەڵ خوێندکاران، رەنگی دیاریکراومان داناوە بۆ سەرجەم بەشەکان."
 
بە گوتەی د. کاروان محەممەد، زانکۆکە بۆ هەموو بەشەکانی قەمیسی سپی، چاکەتی نیلی یان رەش، پانتۆڵی نیلی یان رەش و تەنوورەی نیلی یان رەشی دیاریکردووە و دەڵێت، "ئەو پێنج بەش و پسپۆرییەی لە زانکۆکان هەن، نوێنەرەکانیان لەگەڵ خوێندکارانیان کۆبوونەتەوە و رای ئەوانیان لەسەر رەنگەکان وەرگرتووە و گرفتیان لەگەڵی نەبووە، بەڵام ویستوویانە زیاتر لە هەڵبژاردنێک هەبێت واتا تەنیا چاکەتی رەش نەبێت، بۆیە رەش و نیلی هەڵبژێدراوە کە دوو رەنگە و دەتوانرێت بە ئارەزوو هەریەک لەوانە لەبەر بکرێت."
 
زانکۆی هەولێری پزیشکی لە پەیڕەوکردنی سیستمی یەکپۆشی سێ هۆکاری هەبووە، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆکە بۆ کاروباری خوێندکاران دەڵێت، "سەرۆکی زانکۆ یەکێکە لە پزیشکە ناسراوەکانی هەولێر لە بواری نەشتەرگەری و هەر کە دەستبەکاربووە بیرۆکەکەی هێناوە، یەکێک لە مەبەستەکانی بیرۆکەکە ئەوە بوو خوێندکارانی ئێمە رۆژانە سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن، بۆیە باشترە رەنگی دیاریکراویان هەبێت و جیابکرێنەوە، هاوکات ناچارنەبن چاکەتەکانیان لە لۆکەرەکانی نەخۆشخانە دابنێن و تووشی ئیلتهابات یان هەر بابەتێکی دیکە بن."
 
زانکۆی هەولێری پزیشکی یەکەم زانکۆیە لە هەرێمی کوردستان سیستمی یەکپۆشی پەیڕەو دەکات، د. کاروان محەممەد لەبارەی هۆکاری دووەمی یەکپۆشی دەڵێت، "لەلایەنی کۆمەڵایەتییەوە جەختمان لەوە کردەوە بتوانین خوێندکار هەمووی بەیەک ئاست دەربخەین، خوێندکاری هەژار هەست بەوە نەکات بۆ ماوەی مانگێک هەمان جل لەبەر دەکات، خوێندکاریش هەیە رەنگە کراسەکەی بایی 500 دۆلار بێت، بۆیە دەمانەوێت ئەو جیاوازییە کەمبکەینەوە."
 
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی پەیڕەوکردنی سیستمی یەکپۆشی لە زانکۆی هەولێری پزیشکی، لەبەرکردنی جلێکی گونجاوە بۆ خوێندکارانیان لە کاتی سەردانیکردنی نەخۆشخانەکان. د. کاروان محەممەد دەڵێت، "دەبێت کاتێک خوێندکار دێتە زانکۆ جلێکی رێکوپێکی لەبەربێت، ئێوارەش کە دەچێتە ئاهەنگێک خۆی بگۆڕێت. یەکێک لەو خاڵانەی کە خوێندکار سەردانی نەخۆشخانە دەکات نابێ پێلاوی بن بەرزی لەپێ بێت و نینۆکی درێژ و سوور بێت نابێت ئاڵتونی پێوە بێت کە ئەوە پێشتر هەبووە."
 
لە سەرەتای مانگی ئابی 2022، زانکۆی سەلاحەدین، سلێمانی و هەڵەبجە لە رێگەی فۆرمێكی ئۆنڵاینەوە رای خوێندکارانیان لەبارەی سیستمی یەکپۆشی وەرگرت و بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەکانیان بێت زۆربەی خوێندکارانیان لەگەڵ یەکپۆشیدان، بەڵام ئێستا رایەکی دیکەیان هەیە.
 
هەفتەی داهاتوو لە زانکۆی سەلاحەدین بڕیار لەبارەی یەکپۆشی خوێندکاران دەدرێت
 
د. کامەران یونس محەممەد ئەمین، سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پار لە رێگەی فۆرمێکی ئۆنڵاینەوە رای خوێندکارانمان لەسەر سیستمی یەکپۆشی وەرگرت و بەشێکی زۆری خوێندکاران لەگەڵیدابوون، بەڵام دواتر گلەیی ئەوە هاتەوە کە بۆچی بە فۆرمی ئۆنڵاین رای خوێندکار وەرگیراوە، بۆیە ئەمساڵ لیژنەیەکمان بەو مەبەستە پێكهێناوە بە دەستی فۆرمیان لە زانکۆکان دابەش کرد و رای خوێندکاران دووبارە وەرگیرایەوە."
 
بەگوتەی سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین، "دوای ئەوەی ئەنجامی فۆرمە دەستێکان هاتەوە دووبارە بۆمان دەرکەوت 70٪ـی خوێندکارانمان لەگەڵ سیستمی یەکپۆشیدان، بەڵام ئێمە دەنگە نەخێرەکانیشمان بەلاوە گرنگە، بۆیە دەمانەوێت لە ئەنجوومەنی زانکۆ دووبارە لەبارەی ئەو بڕیارە کۆبوونەوەیەک بکەین و بڕیاری کۆتایی بدرێت، بڕیارە هەر لەوبارەوە هەفتەی داهاتوو لە ئەنجوومەنی زانکۆ کۆببینەوە و بڕیاری کۆتایی بدەین."
 
زانکۆی سەلاحەدین، بە هەمان شێوەی زانکۆی پزیشکی هەولێر، رەنگی سپی، رەش و نیلی بۆ خوێندکارانیان پێشنیاز کردووە. 
 
زانکۆی سلێمانی سیستمی یەکپۆشی پەیڕەو ناکات
 
د. پێشرەوحەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پار راپرسییەکی ئۆنڵاینمان کرد و زۆربەی خوێندکاران داوای یەکپۆشییان کرد، بەڵام رامانگرت چونکە بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر گونجاو نییە، ناکرێت تۆ مووچەی خەڵکت پێ نەدرێت، دەرماڵە نەبێت و کێشە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە لە نێو ئەو هەموو بارودۆخە شتێک بسەپێنین بەسەر خوێندکار تۆزێ قورسە بەتایبەت بابەتی لایەنی دارایی."
 
د. پێشرەو حەمەجان دەڵێت، "ئەگەر مووچە لەکاتی خۆی هەبووایە و دەرماڵە هەبوایە دەمانتوانی سیستمەکە رابگەیێنین بۆیە بۆ ساڵی نوێ خوێندن پەیڕەوی ناکەین." 
 
زانکۆی دهۆک بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2023-2024 سیستمی یەکپۆشی پەیڕەو ناکات
 
د. داود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ بڕیارێکمان لەبارەی سیستمی یەکپۆشی نەداوە و رای خوێندکارانیشمان لەوبارەوە وەرنەگرتووە، ئەو سیستمە نەبووەتە بابەت لای ئێمە و هیچ خوێندکار و بەشێکی زانکۆکەش تاوەکو ئەمڕۆ داوایان لێ نەکردووین کار لەسەر ئەو سیستمە بکەین."
 
بەگوتەی سەرۆکی زانکۆی دهۆک، ئەوان پێیان ئاساییە هەر خوێندکارێک بە ئارەزووی خۆی جلوبەرگی زانکۆی لەبەر بکات، بەڵام پێویستە ئەو جلە لەگەڵ دابونەریتی ئەو شوێنەی دەوامی تێدا دەکەن و کۆمەڵگەکەیان بگونجێت.
 
خوێندکارانی زانکۆی هەڵەبجە لەگەڵ یەکپۆشی نین 
 
پرۆفیسۆر مەهاباد كامیل عەبدوڵڵا، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پار بە ناراستەوخۆ رای خوێندکارانمان وەرگرت و زۆربەیان لەگەڵ یەکپۆشی نەبوون، بەڵام رەتکردنەوەی ئەو بابەتە بەهۆی ئەو راپرسییەوە نییە، لەبەرئەوەیە ئێستا بابەتی دیکەی زۆر لەوە گرنگترمان هەیە خۆمانی پێوە سەرقاڵ بکەین، ئەوە بابەتێکە ئەگەر هەموو کێشەکانی دیکەمان چارەسەرکرا ئەوەش چارەسەر دەبێت، بۆیە بڕیارمان نەداوە."