بەرپرسێکی یەکێتی: لە دوای ساڵی 2030 عەرەب لە کەرکووک دەبنە زۆرینە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی یەکێتی لە کەرکووک هۆشداری لە کەمبوونەوەی ژمارەی کورد و زیادبوونی ژمارەی عەرەب لە کەرکووک دەدات، دەڵێت بەپێی ئەو توێژینەوانەی کردوویانە، لەدوای دوو هەڵبژاردنی داهاتوو، عەرەب لە کەرکووک دەبنە زۆرینە.
ئەمڕۆ (سێشەممە، 23-7-2024) عەلی قەڵایی، بەرپرسی سەنتەری هەڵبژاردنی سەڵاحەدین و کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "رێژەی کورد لە کەرکووک، لەسەر ئاستی خوێندگەکان و خستنەوەی وەچە رووی لە کەمییە. لەبەرئەوەی دۆخی کورد لە رووی ئابوورییەوە خراپە و بووەتە هۆی ئەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری کەم بکرێتەوە. هاوکات دۆخی نەتەوەکانی دیکەی کەرکووک لە رووی ئابوورییەوە جێگیر بووە. لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە ئەم مەترسییە زۆر هەستی پێ دەکرێت."
ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، رۆژ بە رۆژ رێژەی نەتەوەی عەرەب لە دوو رەهەندەوە زیاد دەکات، رەهەندێکیان پەیوەندیی بە تەعریبەوە هەیە؛ ئەوەی دیکە تایبەتە بە خستنەوەی وەچەوە.
عەلی قەڵایی دەڵێ "عەرەب بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر وەچە دەخەنەوە؛ هەموو پیاوێکی عەرەب بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی خێزانەکەی لە 10 کەس کەمتر نییە. زۆرترینیشیان 16 بۆ 17 سەرخێزانن. ئەمە لەنێو کورددا جیاوازە و کەمترە؛ خێزانی کورد لە کەرکووک ژمارەی خێزانیان دەگاتە 6 بۆ 7 سەرخێزان. نەتەوەی تورکمانیش 3 بۆ 4 سەرخێزان زۆرترینیانە."
نەخشەی جوگرافیی شاری کەرکووک وا هەڵکەوتووە، گەڕەکە زۆرینە عەرەبی و تورکمانییەکان کەوتوونەتە باشوور و رۆژئاوای شارەکە، ناوچە کوردییەکانیش لە باکوور و رۆژهەڵاتن، بەڵام کورد جگە لەو ناوچانە، پێشتر بەشێک لە دانیشتووانی باشوور و رۆژئاوایان پێکدەهێنا، ئێستا خەریکە ژمارەیان لەو شوێنانە زۆر کەم دەبێتەوە.
لەبارەی هۆکاری کەمیی ژمارەی سەرخێزانی کورد، ئەو بەرپرسەی هەڵبژاردنی یەکێتی گوتی "هۆکارەکە کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، چونکە بەپێی پێویست ئاوڕی لەو ناوچانە نەداوەتەوە. ئەو ناوچانە کۆمەڵێک گرفتی گەورەیان هەیە؛ بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە مووچەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر گەنجی کورد دروست کردووە. بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت هاوسەرگیری بکات و نەوە بخاتەوە... ئەمەش مەترسییە بۆ کەمبوونەوەی کورد لەو ناوچانەدا. بەڵام عەرەب بەپێچەوانەی کوردە، ئابوورییەکی باش و ژیانێکی جێگیریان هەیە. بۆیە وەچە زۆر دەخەنەوە.''
عەلی قەڵایی هەروەها دەڵێت "عەرەب دیدێکی خێڵەکی هەیە و ناوچەکانی دەوروبەری حەویجە سێ چوار ژنیان هەیە. ئەم دیدە خێڵەکییە گواستراوەتەوە بۆ نێو شاریش؛ لە زانکۆکاندا، دکتۆری ئەکادیمی هەیە سێ ژن و چوار ژنی هێناوە. فرەژنی لەنێو عەرەب هۆکاری خستنەوەی وەچەی زۆرە. دوای 16ـی ئۆکتۆبەر تەعریب دەستیپێکردەوە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە. ئەمەش لەبەرژەوەندیی عەرەبە."
گەڕەکی کوردستان پێش 2003 سەربازگەبووە، کوردانی گەڕەکەکە دەڵێن، خراپیی خزمەتگوزاری و پەراوێزخستنیان لەلایەک و دۆخی سیاسی، وایکردووە زۆرترین کورد جێیبهێڵن. ساڵانە لە مانگی پێنج بەدواوە، دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان تەنیا بە تانکەر دەتوانن ئاوی خواردنەوەیان دەستبکەوێت. گەڕەکەکە ساڵانێکە بەدەست ئەم کێشەیەوە دەناڵێنێت.
بە گوتەی عەلی قەڵایی و بەپێی ئەو توێژینەوەی کردوویانە، "لە دوو هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی 2033، ژمارەی عەرەب لەسەر ئاستی تاک زۆر زیاد دەکات. ئەمەش مەترسییە بۆ کورد لە کەرکووک. دەبێتە مەترسیش بۆ ئاسایشی نیشتمانی کورد. چونکە تاوەکو کەرکووک پارێزراو بێت، هەرێمی کوردستان پارێزراوە. تاوەکو کوردانی نەینەوا پارێزراو بن، هەولێر و دهۆک پارێزراون. پارێزراوی سلێمانییش پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە. تاوەکو ماددەی 140 لەو ناوچانە جێبەجێ نەکرێت، مەترسی لەسەر ئەم ناوچانە هەیە. چونکە هەڵبژاردن لەو ناوچانە، بە دیدێکی نەتەوەیی سەیر دەکرێت. لەو ناوچانە دەنگ بە نەتەوە دەدرێت نەک حیزب."
ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراقەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بە جۆرێک لە نزیکەی 700 هەزار کەسەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کەس کە زۆرینەی زیادبوونەکە لەنێو عەرەبدایە.
لەبارەی چارەسەری کێشەی کەمبوونەوەی کورد لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەرپرسی سەنتەری هەڵبژاردنی سەڵاحەدین و کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکان گرنگی بەو ناوچانە بدەن؛ حکومەتی هەرێمی کوردستان وا بکات ئەم ناوچانە ببنە شوێنی گەشتیاری و خەڵک روویان تێبکات. لەبری ئەوەی خەڵک لەو ناوچانە کۆچ بکات، شتێکی وا بکرێت خەڵک لە ناوچەکانی دیکەوە روو لە ناوچەکانی ماددەی 140 بکەن. هاوکات دۆخێکی ئابووری لەو ناوچانە بڕەخسێندرێت."