حەسەن دووکانی: دوور و نزیک پەیوەندیم بە بەلەمە نوقمبووەکەوە نییە
رووداو دیجیتاڵ
حەسەن حوسێن ناسراو بە حەسەن دووکانی رەتیدەکاتەوە کۆچبەرانی نێو بەلەمە تێکشکاوەکەی دەریای نێوەڕاست لە رێگەی ئەوەوە چووبن و بە رووداوی گوت: "دوور و نزیک ئاگاداری ئەو رووداوە نیم. کەسوکاریشیان دەزانن ئەو کۆچبەرانە لە رێگەی کێوە رۆیشتوون و پارەیان بە کێ داوە".
حەسەن دووکانی لەو کەسانەیە چەند رۆژێکە لە لایەن کەسوکاری بەشێک لە کۆچبەرەکانی نێو بەلەمەکەی دەریای نێوەڕاستەوە ناوی دەهێندرێت کە گوایە قاچاخچی کۆچبەرە کوردەکان بووە.
گەردوون عومەر، برای هێرۆ عومەر و موژدە عومەر کە دووان لە سەرنشینانی بەلەمەکە بوون و یەکێکیان رزگاری بووە و ئەوی دیکەشیان گیانی لەدەستداوە، رۆژی شەممە 22-6-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حەسەن دووکانی خاوەنی بەلەمەکە بووە، "بەڵام لەگەڵ دوو قاچاخچی دیکە بەناوەکانی (ئ.) و (ش. ب.) مامەڵەی کردووە و ئەوانیش کوردن". گوتیشی: "ئەو دوو کەسە نەفەرەکانیان داوە بە دوو قاچاخچی دیکە و ئەو دووانەی دیکە سەریان خستوون بۆ نێو بەلەمەکە کە ناویان (س. گ) و (م. هـ.) ـە".
حەسەن دووکانی ئەمڕۆ یەکشەممە 23-6-2024 لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکی بەو رووداوەوە هەبێت.
دەقی گفتوگۆی رووداو لەگەڵ حەسەن حوسێن (حەسەن دووکانی)
رووداو: ناوی تۆ لە پشت ئەم رووداوەوە دەهێنرێت. تاوەکو چەند ئاگاداری ئەم بابەتەی و بۆچی ناوی تۆ تێوەگلاوە؟
حەسەن دووکانی: من دوورونزیک پەیوەندییم بەم رووداوەوە نییە و ئاگاشم لێی نییە. وەک خەڵک، منیش لە تەلەڤزیۆن و ماڵپەڕەکانەوە بیستوومە، بەڵام کاتێک زانیم ناوی من لە کەناڵێک هات، هەر ئەو شەوە چووم بۆ کەناڵەکە بۆ ئەوەی روونکردنەوە بدەم، بەڵام روونکردنەوەکەیان لێ وەرنەگرتم، دواتر لە سۆشیاڵ میدیا بابەتەکە گەورە کرا و زۆر زەق کرایەوە، وێنە و ناوی منیان ناردبوو، تەنانەت وێنەی پاسپۆرتەکەشیان بۆ ناردبوون.
رووداو: بۆ کێیان ناردووە؟
حەسەن دووکانی: بۆ کەسوکاری یەکێک لەو کۆچبەرانە کە لە ئەڵمانیایە و ناوی گەردوونە، تەنانەت ژمارەکەیم وەرگرت و قسەم لەگەڵ کرد، پێم گوت من ئاگام لەو بابەتە نییە و دەزانم ئەو سەرچاوەیەش کە بە تۆی گوتووە کێیە و لەکوێشەوە ئەو کەیسەی من جووڵێندراوە. (پێم گوت) ئەوەی کە ناوی من هاتووە لەگەڵ خەڵکێکی دیکە، وا دانراوە کێشەیەک بۆ من دروستبکەن. من کێشەیەکی دادگام لەگەڵ پیاوێک هەیە لە رانییە کە ناوی (ع. ن) ە کە بە (ع. ش) ناسراوە و هەموو ئەوە ئەم کێشەیەی دروستکردووە و تەلەفۆنی بۆ کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە کردووە و وێنەی خۆم و پاسپۆرتەکەمی بۆ ناردوون، چونکە وێنەی پاسپۆرتی من تەنیا لای ئەو هەیە.
رووداو: ئەو کەسە چ کارێک دەکات و کێشەی چییە لەگەڵ تۆ؟
حەسەن دووکانی: کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوانماندا هەیە؛ ئیشی نەفەر دەکات و قاچاخچییە. کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەگەڵ من هەیە و ئێستاش ئەم بەلەمە نوقم بووە، دەیەوێت ناوی من بزڕێنێت و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی، ئەمنی و یاساییم بۆ دروستبکات، بۆیە ناوی منی خستووەتە نێو ناوی ئەو کەسانەوە کە لە لیستەکەدان.
رووداو: ئەو کەسە خۆی ئاگاداری کۆچبەرانی نێو ئەم بەلەمە بووە؟
حەسەن دووکانی: من نازانم ئاگادار بووە یان نا، بەڵام من لە کەناڵەکانەوە بیستوومە. کاتێک زانیم لە کەناڵێک چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کەسێک کرد بە ناوی گەردوون و ئەویش ناوی منی هێنا، هەر ئەو شەوە چووم بۆ کەناڵەکە و ویستم روونکردنەوەیان بدەمێ، بەڵام گوتیان ناتوانین روونکردنەوەت لێ وەربگرین.
رووداو: چۆن تۆمەتبارکراوی؟ بەوەی کە قاچاخچی بوویت و لە تورکیاوە کۆچبەرەکانت رەوانە کردووە یان لە هەرێمی کوردستانەوە ناردووتن؟
حەسەن دووکانی: بە هیچ شێوەیەک کەسم لێرەوە نەناردووە.
رووداو: مەبەستم ئەوەیە تۆیان بە چی تۆمەتبار کردووە؟
حەسەن دووکانی: گوتوویانە من بەلەمەکەم ناردووە و ئەو کێشەیان بۆ دروست کردووم.
رووداو: پێشتر لە تورکیا مۆڵەتی سەفەرکردنت لێ وەرگیراوەتەوە. پێشتر لە تورکیا دەژیای؟
حەسەن دووکانی: بەڵێ، چوار بۆ پێنج ساڵ دەبێت کە لە تورکیا کێشەم بۆ دروستبووە. هەر ئەو (ع)ە کە ئێستا ناوی منی زڕاندووە، لەگەڵ تورکمانێک بە ناوی (ع) لە تورکیا کێشەیەکی سیاسییان بۆ دروستکردم و لەوێ منیان بە ناوی پەکەکە ناساند، کە گوایە کار بۆ پەکەکە دەکەم و سەر بە پەکەکەم، بەڵام کە لە تورکیا گیرام، دوای ئەوەی لە بابەتەکەیان کۆڵییەوە، قسەکان راست دەرنەچوون و سەر لە بەری قسەکانیان درۆ دەرچوون. من بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بۆ دوو ساڵ سەفەرکردنم لێ قەدەخەکرا و نەمتوانی بگەڕێمەوە بۆ عێراق و دەبوایە هەفتانە دوو واژۆ بکەم. دواتر گەڕامەوە و پاریش هەوڵیان دا کاتێک بەلەمێکی دیکە نوقم بوو کێشەم بۆ دروستبکەن و تەلەفۆنیان بۆ کەسوکاری کۆچبەرەکان کردبوو و گوتبوویان من لە پشت ئەو بابەتەوەم، کە ئەوەش سەری نەگرت بۆیان. ئێستاش ئەمەیان دروستکردووە و تەلەفۆنیان بۆ کەسوکاری کۆچبەرەکان کردووە و وێنەی خۆم و پاسپۆرتەکەمیان بۆ ناردوون. ئەو گەردوونە لە کەناڵێک وێنە و پاسپۆرتی منی پیشانداوە. ئەوە ئەو (ع . ن) ە ناردوویەتی و دوورە لە راستییەوە. من دوور و نزیک پەیوەندیم بەو بەلەمەوە نییە و هیج ئاگاداری نیم. من لە عێراقم، هەر کەسێک شتێکی لەسەر من هەیە، ئامادەم بچمە دادگا و روونکردنەوەی خۆم بدەم و هەر لایەنێکی ئەمنیش پەیوەندیم پێوە بکات، دەچم بە دەمیەوە.
رووداو: هیچ شوێنێک تەلەفۆنی بۆ نەکردوویت بۆ لێکۆڵینەوە لەم بابەتە؟
حەسەن دووکانی: نا، لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا دەوام نییە و هیچ هۆکارێکیش نییە؛ هیچ کەس پەیوەندی پێوە نەکردووم. هەر کەسێکیش تەلەفۆنم بۆ بکات، ئامادەم وەڵامی بدەمەوە و تەلەفۆنیشم کراوەیە و هیچ خۆم نەشاردووەتەوە. کێشەکەی من کۆمەڵایەتییە و دەیانەوێ بیکەن بە کێشەیەکی دیکە. ئینجا ناوی کەسانێکیش دەهێنرێت لەم کەیسەی من کە گوایە دەستی منی لە پشتە. ئەوە دوورە لە راستییەوە و دادگە لە هەر کاتێکدا ئاگادارم بکاتەوە، من دەچم بۆ دادگە.
رووداو: ئێستا دەتوانیت بچیت بۆ تورکیا یان تورکیا رێگەی چوونە نێو ئەو وڵاتەی لێ قەدەخە کردوویت؟
حەسەن دووکانی: نزیکەی دوو ساڵ دەبێت لێم قەدەخە کراوە بچم بۆ تورکیا و قەدەخەکەش تاوەکو پێنج ساڵە. بەڵگەکانیشم هەموو لایە.