هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6ـی فەرمانبەران دابەش دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، سبەی دووشەممە، مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکان و هەفتەی داهاتووش مووچەی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێن.
 
هاوکات، بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق، هێشتا لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران بۆ بەغدا نەنێردراوە و ئەم هەفتەیە دەنێردرێت.
 
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەکەوێتە نێوەڕاستی هەفتەی داهاتوو، چونکە دوای دابەشکردنی مووچەی عێراق، بەغدا پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
 
دوو رۆژە دابەشکردنی مووچەی حوزەیرانی فەرمانبەرانی عێراق دەستیپێکردووە.
 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە رووداوی راگەیاند، وەزارەتی دارایی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری هێزەکانی پێشمەرگەی داوە.
  
رۆژی 10-06-2024، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دیناری وەکو شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکان خستە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
 
خەرجکردنی پارەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە دەنگۆی راگرتنی هاوکاریی هاوپەیمانانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە رەتکردەوە و رایگەیاند، ئەو پارەیە بەشێوەیەکی دیکە وەکو هاوکاری خەرج دەکرێت. وەزارەتەکەش رایگەیاند: "سبەی دەست بە دابەشکردنی هاوکاریی مانگی پێنج دەکرێت".