قایمقامی چەمچەماڵ: بکوژی خواناس وریا خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان کرد
رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی چەمچەماڵ دەڵێت، دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە گەنجێک بەناوی خواناس وریا لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کوژرا، تۆمەتباری بکوژ بەناوی ( هـ، ک ، ع) لەژێر گوشاری لیژنەی ئەمنیی چەمچەماڵ خۆی رادەست کرد.
رۆژی هەینی، 23-06-2023، رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای ئەوەی لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کەسێک بە ناوی خواناس وریا کوژرا، لەژێر فشاری هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکان کرد."
قایمقامی چەمچەماڵ گوتیشی، "دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییانی سنووری قەزای چەمچەماڵ، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس بەردەوام لە ئەرکدان و رێگەنادەن هیچ تۆمەتبارێک لەدەستی یاسا هەڵبێت."
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی "بکوژی" خواناس وریای راگەیاند و گوتی، "دواتر زانیاری زیاتر بڵاودەکەنەوە."
کاژێر 05:50ـی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2023، لە نێوەڕاستی بازاڕی گشتیی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گولـلەی لە گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان بەناوی خواناس وریا کرد و کوشتی.
بەپێی شایەتحاڵەکان، خواناس لە پێش دووکانێکی فرۆشتنی جلوبەرگ بووە و بکوژەکەی تەقەی لێکردووە. رۆژی هەینی 23-6-2023 عەمید محەممەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "بکوژی خواناس وریا خەڵکی چەمچەماڵە و کەسێکە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی شارەکە ناسراوە؛ ئەو هاوڕێی نزیکی کوژراوەکە نییە، بەڵام یەکدییان ناسیوە و پێش رووداوی کوشتنەکە دەمەقاڵێیەکیان هەبووە، بەڵام هێشتا روون نییە لەسەر چی بووە."