ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێس: بایدن ڤیتۆی لەسەر پێدانی سیستمی بەرگری بۆ پێشمەرگە نابێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆنگرێسی ئەمریکا لە پڕۆژە بودجەی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیدا بڕگەیەک زیاددەکات کە تایبەتە بە دابینکردنی سیستمی دژە مووشەکی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان. ئەو بڕگەیە لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەمریکا پەسەندکراوە و بڕیارە دوای ئەنجوومەنی نوێنەرانیش بۆ پەسەندکردنی، رەوانەی ئەنجوومەنی پیران بکرێت.
ئەو ئەندامانەی پشتیوانی لەو پڕۆژەیە دەکەن، بۆچوونیان وایە بەرژەوەندیی ئەمریکا و هەرێمی کوردستانیش لەوەدایە ئەو سیستمە بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین بکرێت. ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێس دەڵێت، سەرۆکی ئەمریکا ڤیتۆی لەسەر پێدانی سیستمی بەرگری بۆ پێشمەرگە نابێت.
ئێرنی ئاودینۆ، بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆنگرێسمان مایکڵ واڵتز دەڵێت، ''کورد و پێشمەرگە بۆچەندین ساڵە هاوبەشێکی مەزنی ئێمەن، ئەوان پێویستیان بەو دژە مووشەکەیە و ئێمەش دەمانەوێت ئەوان بەهێزبن بەرامبەر بەو مووشەکانە، بۆیە ئەمە پێشکەوتنێکی گرنگە، بەڵام بەداخەوە هێشتا بڕیاری کۆتایی نییە، دەبێت ئەنجوومەنی پیرانیش پەسەندی بکەن، دواتر دەچێتە کۆشکی سپی تاوەکو واژۆی لەسەر بکرێت، من نزا دەکەم پەسەندبکرێت و هیواخوازین ئیدارەی بایدن شتە راستەکە بکات و واژۆی لەسەر بکات، چونکە کورد پێویستیانە و ئێمەش پێویستمان بەوەیە کورد ئەو پارێزگارییەی هەبێت.''
پڕۆژەکە لەلایەن کۆنگرێس مان دۆن بەیکن کە نوێنەرایەتیی ویلایەتی نیبراسکا دەکات دەستپێشخەری بۆکراوە و لەلایەن ژمارەیەک ئەندامی دیکەی کۆنگرێس کە سەر بە هەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکانن، پشتیوانی دەکرێت.
هەرچەندە دڵنیایی سەدا سەد نییە کە پڕۆژەکە لەلایەن ئەنجوومەنی پیران و کۆشکی سپییەوە پەسەند دەکرێت، بەڵام ئەندامێکی پێشووی کۆنگرێسی ئەمریکا دەڵێت، پێشتر ئەزموونیان هەیە، ئەگەر ئەنجوومەنی پیران پڕۆژەکە پەسەندبکات، زۆر قورس دەبێت سەرۆکی ئەمریکا ڤیتۆی بکات، چونکە بڕگەکە بەشێک دەبێت لە کۆی بودجەکە و ڤیتۆکردنی ئاسان نابێت.
ترێنت فرانکس، ئەندامی پێشووی کۆنگرێسی ئەمریکا گوتی، "هێشتا گەشبینم کە چانسێکی باش هەیە ئەو پڕۆژەیە بە پڕۆسەی پەسەندکردنی بودجەدا بڕوات، قورسیش دەبێت بۆ سەرۆک کە ڤیتۆی بکات، چونکە بڕگەکە بەشێک دەبێت لە یاسای بودجەی بەرگریی نیشتمانی، کاتێک لە کۆنگرێس بووم پێموایە من یەکەمین ئەندامی کۆنگرێس بووم کە هەمواری ئەو یاسایەم کرد کە بتواندرێت چەک و هاوکاریی دارایی راستەوخۆ بە کوردستان بدرێت، چونکە پێشتر دەبوایە لە رێگەی حکومەتی فێدراڵییەوە بکرایە، هەندێکجاریش هاوکارییەکان دەگەیشتن و هەندێکجاریش نەدەگەیشتن، من هەموارەکەم یەکمجار پێشنیازکرد، لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندکرا، بەڵام دواتر لە ئەنجوومەنی پیران، ئیدارەی ئۆباما لە دژی بوون و دوایانخست، بەڵام دواجار پڕۆژەکەمان سەرخست.''
بێجگە لەم هەنگاوەی کۆنگرێس، پێناچێت ئیدارەی بایدنیش کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ دابینکردنی ئەو جۆرە سیستمە بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت، بەوپێییەی کاتێک لە ئاداری ساڵی رابردوو لەلایەن ئێرانەوە بە مووشەک هێرشکرایە سەر هەولێر، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گوتی، "لەگفتوگۆداین بۆ دابینکردنی جۆرێک لە سیستمی بەرگری بۆ عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەدژی ئەو هێرشە مووشەکییانە."