سەربازێکی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش دەڵێت، سوپای تورکیا لە ماوەی دوو رۆژدا لە هێرشەکانیاندا 32 جار چەکی کیمیایی و قەدەخەکراوی بەکارهێناوە.
وەزارەتەکە ئێوارەی چوارشەممە، 22ـی ئایار رایگەیاند، ڤەدات زۆربا، سەربازی پیادەی گرێبەست لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە هەرێمی کوردستان بۆمبێکی چێندراوی پێدا تەقیوەتەوە کە پێشتر لەلایەن گەریلاکانی پەکەکە دانراوە و بەو هۆیەوە بە سەختی بریندار بووە. دوای ئەوەی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەستداوە.
لەلایەکی دیکەوە ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە کە باڵی سەربازیی پەکەکەیە، لە دوایین راگەیێندراویدا کە دوێنێ چوارشەممە بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، سوپای تورکیا لە رۆژی 20 بۆ 21ـی ئایار لە هێرشەکانیدا بۆ سەر گەریلاکانیان لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و خواکورک 32 جار چەکی کیمیایی و قەدەخەکراوی بەکارهێناوە و فڕۆکەی جەنگی و تۆپخانەکانیان بە شێوەیەکی بەردەوام بۆردوومان و تۆپبارانی ئەو ناوچانەیان کردووە.
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد و تائێستا بەردەوامە.